مه‌سرور بارزانی بۆ دیپلۆماتكاران: عێراق پڕه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و دزی و چه‌كی بێ مۆڵه‌ت، با ئه‌وانه‌ بنبڕ بكه‌ن
  2026-11-26     

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كانی به‌غدا له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌‌ "ناده‌ستورین" و ره‌تیانده‌كه‌نه‌وه‌. ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات كه‌ بەبیانوی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، هەوڵی تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبوڵکراو نییە. ده‌شڵێت، ئەگەر بەڕاستی مەبەستییان سەروەریی یاسایە، عێراق پڕە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕ بکەن.

ئاوێنه‌: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێم، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتكارانی وڵاتان و نوێنەری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەرێمی کوردستان کردو تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیداڵ .

سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای 2003 ەوە، سیستەمی سیاسیی عێراق لەسەر بنەمای فیدرالیزم بنیات نرا و هەرێمی کوردستان بە پێی دەستور قەوارەیەکی دەستوری و یاساییە، بەڵام بڕیاربەدەستانی بەغدا، "باوەڕیان بە فیدرالیزم نییە و دەیانەوێ بە عەقلییەتێکی مەرکەزی ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن و مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکەن."

مه‌سرور بارزانی دوپاتی کردەوە کە "دەبێ دەستور وەکو خۆی جێبەچی بکرێت نەک بەشێوەیەک کە ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیان بێت جێبەجێی بکەن و ماددەکانی تریش فەرامۆش بکەن وەک ماددەی 140 کە چەندین ساڵە جێبەجێ نەکراوە و دۆخی نائاسایی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم ئاسایی نەکراوەتەوە."

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە "کێشەی گەلی کوردستان لەگەڵ حکومەتی بەغدا، تەنیا موچە و بودجە نییە بەڵکو ماف و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و داننانن و ڕێزگرتنە لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان."

مه‌سرور بارزانی وتیشی، "ئێمە بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەری حکومەتی فیدراڵ بوین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و کاری نایاسایی و ئامادەشین بۆ هەمو هاوکارییەک لەمبارەیەوە و بۆ چارسەرکردنی هەمو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور."

ئه‌و هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌ "هیوادارین لە هەمو عێراق، ئەوە کارە نایاساییانەی هەن بنبڕبکرێن، بەڵام ئەو ڕێکار و بڕیارانەی بەم دواییانە، بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە دژی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان دەرچون، دەستوری نین و ڕەتیان دەکەینەوە ."

ئاماژەشی بەوەدا، "ئێمە لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵی و دزینی سامانی سروشتین لە هەمو عێراق و هەمو هاوکارییەکیش پێشکەش دەکەین بەڵام بە بیانوی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، هەوڵی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت کە قبوڵکراو نییە."

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو "ئەگەر بەڕاستی مەبەستییان سەروەری یاسایە، عێراق پرە لە گەندەڵی و دزی و چەکی بێ مۆڵەت، با ئەوانە بنبڕبکەن."

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە، "گەلی کوردستان بە هەمو هێزیکییەوە، بەرگری لە مافە دەستورییەکانی دەکات و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداریان نابێت"، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان دوپات کردەوە.

زۆرترین بینراو
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌: زه‌یدی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كردوه‌ به‌ مه‌رج بۆ پشكی هه‌رێم له‌ بوجه‌دا
​ڕاپۆرتێکی «مەدا»: دوای جموجۆڵەکانی جورف سەخر، هەرێمی کوردستان لە بەردەم گوشاری نوێ و دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدایە
یه‌كێتی: ئاماده‌ین بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم
میدیاکارێکی عێراقی: فالح فەیاز پێشوەختە بڕیارەکانی زەیدی رادەستی بارزانی کردووە
زەیدی تاوتوێی جووڵاندنی سوپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیاری وەرگرتنەوەی دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان دەدات
مه‌سعود بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە لە دژی قەوارەی هەرێم ڕەتدەکەینەوە
کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی باران‌و بەفربارین دەگرێتەوە
حکومەتی عێراق سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان دەگۆڕێت
روسیا: نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەشەڕی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×