فراكسیۆنه‌كانی ره‌وتی هه‌ڵوێست، یه‌كگرتوی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری له په‌رله‌مانی عێراق، به‌هاوبه‌شی ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم ده‌ده‌نه عه‌لی زه‌یدی. ده‌قی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه له چوار بڕگه‌و چه‌ند خاڵێك پێكهاتوه كه تێیدا هه‌ر سێ فراكسیۆن جه‌خت له جێبه‌جێكردنی ته‌واوی بڕگه‌و مادده‌كانی ده‌ستور ده‌كه‌نه‌وه له پێش ههمویشییانهوه مادده‌ی 140.
ئاوێنه: فراكسیۆنه‌كانی ره‌وتی هه‌ڵوێست، یه‌كگرتوی ئیسلامی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ عه‌لی زه‌یدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌قی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی هاوبه‌شی هه‌ر سێ فراكسیۆنیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردو حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێم، گه‌یاندنه نابراو.
د. رێبوار كه‌ریم، سه‌رۆكی فراكسیۆنی ره‌وتی هه‌ڵوێست رایگه‌یاندوه، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه "هەموی داواکاری خەڵکە" پاشان دهشیگهیهننه ده‌ست سەرۆک کۆمار‌و سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌دا هاتوه "له سۆنگه‌ی په‌رۆشی بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان و مسۆگه‌ركردنی مافی هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانی له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیی عێراقدا، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنی سامانی گه‌لی عێراق و چه‌سپاندنی ده‌ستپاكی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی؛ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ردولا به په‌ره‌سه‌ندنی سه‌ربازی یان سه‌پاندنی واقیع له‌ڕێگه‌ی هێزه‌وه نایه‌ته‌دی، هه‌روه‌ك به به‌رده‌وامیدان به به‌قاچاخچێتی و خۆدزینه‌وه له چاودێریش نایه‌ته‌دی، به‌ڵكو له ڕێگه‌ی بنیاتنانی هاوبه‌شییه‌كی ده‌ستوریی شه‌فافه‌وه دێته‌دی كه ڕێگری له به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵی له هه‌ردو لا بكات. "
هه‌ر سێ فراكسیۆن جه‌ختیان كردۆته‌وه "به‌ته‌واوه‌تی هه‌مو جۆره‌كانی قاچاخچێتی، عمولانی نایاسایی، ده‌ربازبون له گومرگ، و ڕه‌فتاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا له ده‌روازه سنورییه‌كان و كێڵگه نه‌وتییه‌كان له هه‌رێم و سه‌رتاسه‌ری عێراق ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه."
له بڕگه‌ی یه‌كه‌می دهستپێشخهرییهكهیاندا هه‌ر سێ فراكسیۆن داوا پابه‌ندبونی گشتگیریان به ده‌ستوره‌وه كرده‌وه له‌گه‌ڵ جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر "ڕێزگرتن له ده‌ستوری عێراق به هه‌مو ماددهكانییهوه وه‌ك تاكه مه‌رجه‌عیه‌تی پابه‌ندكه‌ر بۆ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به‌بێ هه‌ڵاواردنی مادده‌كانی، كه له‌پێش هه‌مویانه‌وه پابه‌ندبونه به جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (140) به‌پێی ڕێڕه‌وه ده‌ستورییه‌كانی و پشتبه‌ستن به گفتوگۆی نیشتمانی و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش وه‌ك تاكه ڕێگه بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆسیه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان."
فراكسیۆنه‌كانی هه‌ڵوێست، یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ له بڕگه‌ی دوه‌می دهستپێخهرییهكهیاندا باسیان له ده‌روازه سنورییه‌كان و پاراستنی سنور كردوه، ئه‌م سێ خاڵه‌یان خستۆته‌ڕو:
1.په‌یڕه‌كردنی سیاسه‌تێكی گومرگی و پێناسه‌یه‌كی فیدراڵیی یه‌كگرتو، كه له به‌رامبه‌ریدا ئیداره‌یه‌كی مه‌یدانیی هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگ هه‌بێت.
2.فافیهت و بهئۆتۆماتیكیكردن: ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا كه له دوو مانگ تێپه‌ڕ نه‌كات و به‌ستنه‌وه‌یان به سیسته‌مێكی چاودێریی ئه‌لیكترۆنی و دارایی هاوبه‌شه‌وه كه ڕێگری له ده‌ستكاریكردن و قاچاخچێتی بكات.
3.پاراستنی ئاسایشی سنور: جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنور هێزێكی فیدراڵین و ئه‌ركی پاراستنی ئاسایشی سنوره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌پێی یاسا له ئه‌ستۆده‌گرن، دور له ناكۆكییه سیاسییه‌كان یان ده‌ستوه‌ردان له كاروباره كارگێڕییه ناوخۆییه‌كان.
سێ فراكسیۆنه‌كه له بڕگه‌ی سێیه‌می دهستپێشخهرییهكهیاندا باسیان له دۆسیه‌ی "نه‌وت و وزه و دادپه‌روه‌ریی دارایی" كردوه‌و ئه‌م چوار خاڵه‌یان خستۆته‌ڕو:
1.دورخستنه‌وه‌ی مافه داراییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له هه‌ر ململانێیه‌كی سیاسی، له‌وانه موچه، مافی خانه‌نشینان، ئه‌وانه‌ی موچه‌ی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه، زیندانیانی سیاسی و كه‌سوكاری شه‌هیدان و گرێنه‌دانی ئه‌م مافه ده‌ستوورییانه به هیچ ناكۆكییه‌كی نێوان هه‌ردولاوه.
2.بهبازاڕكردن و چاودێری: سنورداركردنی به‌بازاڕكردنی نه‌وتی خاو ته‌نیا له ده‌ست كۆمپانیای (سۆمۆ) و وردبینیكردن بۆ به‌رهه‌مهێنان و تێچونه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی و له ڕێگه‌ی لیژنه هونه‌ری و دارایییه هاوبه‌شه‌كانه‌وه، هه‌روه‌ها ڕێگریكردن له هه‌ر ههناردهكردنێكی نایاسایی نه‌وت یان به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان.
3.مافه‌كان به‌رامبه‌ر پابه‌ندییه‌كان: پابه‌ندبوونی هه‌رێم به ڕاده‌ستكردنی نه‌وت و داهاته‌كان له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ندبونی حكومه‌تی فیدراڵدایه به مسۆگه‌ركردنی پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ی هه‌رێم له بودجه‌دا له‌گه‌ڵ دابینكردنی تێچوه‌كانی ته‌شغیلی راسته‌قینه‌و وردبینییهكراو.
4.دادپه‌روه‌ری له نرخ و ده‌ستڕاگه‌یشتن به وزه: مسۆگه‌ركردنی مافی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به وزه به هه‌مو جۆره‌كانییه‌وه (به‌نزین، نه‌وتی سپی، گازوایل، غازی ماڵان و كاره‌با) به هه‌مان نرخه فه‌رمییه یه‌كگرتوه په‌سه‌ندكراوه‌كان له سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌بێ جیاكاری یان بارگرانیی زیاده.
سێ فراكسیۆنه‌كه هه‌روه‌ها له بڕگه‌ی چواره‌م و كۆتایی دهستپێشخهرییهكهیاندا باسیان له گه‌ره‌نتییه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵانه‌و رۆڵدانیان به ئۆپۆزسیۆن كردوه وه‌كو چاودێر‌و داوای "به‌شداریپێكردنی ئۆپۆزسیۆن"یان كردوه "وه‌ك گهرهنتیكارێك بۆ ده‌ستپاكی" ئه‌وه‌ش لهڕێطهی "به‌هێزكردنی هێز و حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریپێكردنیان وه‌ك لایه‌نێكی چاودێریی بنه‌ڕه‌تی و بێلایه‌ن بۆ به‌دواداچونی ده‌ستپاكی و شه‌فافیه‌ت له دۆسیه‌كانی نه‌وت، ده‌روازه سنورییه‌كان و سامانی گشتی له ناوخۆی هه‌رێمدا، به مه‌رجێك ئه‌م ڕۆڵه چاودێرییه پاڵپشتی و گه‌ره‌نتیی دامه‌زراوه‌یی له حكومه‌تی فیدراڵه‌وه هه‌بێت بۆ ڕێگری له قۆرخكردنی زانیاری یان تاكڕه‌وی له بڕیارداندا."

