جه‌نه‌ڕاڵ شەریف پاشا و خه‌بات له‌پێناو دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا
  2026-11-26     
جه‌نه‌ڕاڵ شەریف پاشا

ئاكۆ عه‌بدوڵڵا

 

شەریف پاشای خەندانی دیپلۆماتکار و ئه‌فسه‌ر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و چاكساز، یەکێکە لە کەسایەتییە دیار و کاریگەرەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد. وەک ژەنەڕاڵێکی سوپا و دیپلۆماتکارێکی لێهاتوو، له‌پێناو گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌ ره‌واكانی، تێكۆشاوه‌. یه‌که‌م سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تمه‌داری کورد بووه‌ که‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌وڵی درووستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی دابێ‌.‌ له‌ کۆنفرانسی ئاشتی پاریسی دوای وه‌ستانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و له‌كاتی داڕێژتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی جیهان، وەک نوێنەری کورد و بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی‌، ده‌نگی به‌رزكردۆته‌وه‌ و  یاداشتنامه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌. دوای ئه‌وه‌ش له‌ هه‌وڵه‌كانی نه‌وه‌ستا، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ره‌نجامه‌كان به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاواته‌ به‌رزه‌كانی ئه‌و بوون.

 

محەمەد کوڕی سەعید پاشای کوڕه‌زای حوسێن پاشای کوڕی ئەحمەد عیزەت پاشای خەندان، ناسراو به‌ شەریف پاشا رۆژی ١٣ی کانونی دووەمی ساڵی 1865 لە ئوسکوداری ئه‌سته‌مبوڵ‌ هاته‌ دنیا. بنەماڵەی خەندان خەڵکی سلێمانی بوون. له‌ پاشاکانی بابان نزیك بوون. دوای کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی بابانەکان، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە، سەعید پاشای باوكی چۆتە ئەستەمبوڵ و چه‌ندان پلە و پایەی بەرزی لە دەوڵەتی عوسمانیدا وه‌رگرتووە. سعادات خانمی دایكیشی كچی وه‌زیرێكی ده‌وڵه‌ت بوو. شەریف پاشا برا گه‌وره‌ی (عزه‌ت به‌گ و سلێمان به‌گ و فوئاد به‌گ) بوو كه‌ دواتر ئه‌وانیش له‌ریزه‌كانی سوپای عوسمانی بوونه‌‌ ئه‌فسه‌ری به‌رز. شه‌ریف پاشا له‌نێوان ساڵانی 1871 تا 1875 له‌ سلێمانی ‌خوێندوویه‌تی. له‌كاتی خوێندنی ناوەندی و به‌ره‌و سه‌ر لە ئەستەمبوڵ، فێره‌ زمانەکانی ئیتاڵی و فەرەنسی و یۆنانی بووە. ساڵی 1885 چووه‌ پاریس و له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ربازی (سانت- سیر) خوێندنی تەواو کردووه‌. ئه‌وسا لە سوپای وڵاته‌كه‌ی پله‌ی ژەنەڕاڵی پێبه‌خشرا. ساڵی 1890 ‌گه‌ڕا‌وه‌ ئه‌سته‌مبوڵ و له‌وێدا كرا‌ یاوه‌ری پاشا. هاوكات له‌گه‌ڵ (ئیمین حەلیم) کچی عەباس حیلمی، خدیوی میسر و ئامۆزای مەلیک فاروق، هاوسەرگیری كرد. پاشان ساڵی 1898 وه‌ك دیپلۆماسێكی لێهاتووی وڵاته‌كه‌ی لە ستۆکهۆڵم به‌ پله‌ی (باڵوێزی فه‌وقولعاده‌)، کرا باڵیۆز و ماوەی دە ساڵ لە سوید ماوه‌. له‌و ماوه‌یه‌ فێری زمانه‌كانی سویدی و ئینگلیزی بوو و له‌گه‌ڵ شای وڵاته‌كه‌ش (ئۆسكاری دووه‌م) بووه‌ هاوڕێ. ساڵی دواتر له‌و وڵاته‌ خه‌ڵاتی شاهانه‌یی (نیشانه‌ی شمشێر) ی پێبه‌‌خشرا. ئه‌مه‌و دوای ئه‌وه‌ی ڕێکخراوی (ئیتیحاد و تەرەقی) دامه‌زرا. ساڵی 1900 وه‌ك كه‌سێكی ئازادیخواز به‌نهێنی پێوه‌ندی به‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی رێكخراوه‌كه‌ كرد كه‌ وه‌ك ده‌زگایه‌كی چاكسازی لێیانی ده‌‌ڕوانی. كاتێكیش كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌وه‌یان ‌زانی، لێی ڕه‌نجان. به‌ڵام له‌به‌ر پێگه‌ی باوكی سزای ناده‌ن و سوڵتان بڕیار ده‌دات نابێت شه‌ریف پاشا بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌سته‌مبوڵ. ساڵی 1908 له‌لایان پادشای سوید خه‌ڵاتی (ئه‌ستێره‌ی باکوور) ی پێده‌به‌خشرێت. هاوكات دوای گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن ئیتیحادییه‌كان، ڕووی ڕاستەقینەی ئه‌و رێكخراوه‌ی بۆ دەر‌ده‌کەوێت كه‌ دوور بوو‌ له‌ چاكسازی گشتی و زیاتریش كاری بۆ ئامانجه‌ ته‌سكه‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی به‌شێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی ده‌كرد، ئه‌وسا شه‌ریف پاشا ده‌ستبه‌رداری پرۆژه‌ی چاکسازی لەناو دەوڵەتی عوسمانی ده‌بێت و لەگەڵ كه‌سانی وه‌ك ئەمین عالی بەدرخان و شێخ عه‌بدولقادری شه‌مزینی و داماد ئه‌حمه‌د زولكه‌فه‌ل پاشا، كۆمه‌ڵه‌ی (کورد ته‌عاون و ته‌ره‌قی جه‌معیه‌تی) دا‌مه‌زراند كه‌ یه‌که‌م کۆمه‌ڵه‌ و رێکخراوی سیاسی کورد بوو. ئه‌مه‌و رۆژنامه‌ی (کورد ته‌عاون و ته‌ره‌قی غه‌زه‌ته‌‌سی) یشیان ده‌ركرد. لێرەوە کەسایەتی شەریف پاشا وەک سیاسەتمەدار و كه‌سێكی رادیكالیزم به‌دیاردەکەوێت و له‌گه‌ڵ رۆناكبیره‌ كورده‌ ناسیۆنالیزمییه‌كانیش زیاتر نزیك بۆ‌وه‌. هێنده‌ی پێنه‌چوو له‌به‌ر زۆربۆهێنانی ئیتیحاد و ته‌ره‌قییه‌کان، کۆمه‌ڵه‌ کوردییه‌که‌ به‌ناچاری داخرا. ئه‌وسا به‌ئاشكرا ناکۆکی که‌وته‌ نێوان شه‌ریف پاشا و ئیتیحادییه‌کان. ساڵی دواتر چووه‌ پاریس و له‌وێدا بووه‌‌ باڵوێزی وڵات، هه‌رچه‌نده‌ ئیتیحادییه‌كان ناڕازی ‌بوون. له‌وێدا (حزبی رادیکاڵی عوسمانی) داده‌مه‌زرێنێ و گۆڤارێکیشی به‌ناوی (مه‌شرووتیه‌ت) ده‌ركرد. ئیتر ورده‌ ورده‌ خه‌باتی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كورد گرته‌به‌ر. گۆڤارەكه‌ كه‌ بانگەوازی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دەستووری پەرلەمانی دەکرد تا ساڵی 1914 په‌نجا و پێنج ژمارەی لێ‌ دەرچووە. ئه‌مه‌و شه‌ریف پاشا له‌ پاریس هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داره‌ ئه‌وروپییه‌كان نزیكبێته‌وه‌ و له‌ دۆزی کورد ئاگاداریان بکات. ساڵی 1912 له‌لایه‌ن توركه‌ ئیتیحادییه‌كان تۆمەتی کوشتنی سەدری ئەعزەم (مه‌حمود شه‌وكه‌ت پاشا)ی له‌ ئه‌سته‌مبوڵ درا‌ پاڵ، بۆیه‌ له‌ دووره‌وه‌ لەگەڵ شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، هاوكات هه‌وڵی تیرۆر كردنیشیان دا.

له‌سه‌ره‌تای ساڵانی جەنگی یەکەمی جیھانی كه‌ له‌ میرنشینی مۆناکۆ نیشته‌جێ ببوو. شه‌ریف پاشا هه‌وڵیدا په‌یوه‌ند‌ی له‌گه‌ڵ به‌ریتانییه‌كان ببه‌ستێ، به‌تایبه‌تیش چونكه‌ ئه‌و كات هێزه‌ به‌ریتانییه‌كان زۆر به‌ گرنگی هه‌وڵی داگیركردنی باشووری ده‌وڵه‌تی عوسمانییان ده‌دا و به‌ره‌و كوردستان له ‌هه‌ڵكشاندا بوون، ئه‌ویش ویستی به‌ دۆزی كورد ئاشنایان بكات و داكۆكی له‌وه‌ش ده‌كرد كورد ئاره‌زوویه‌تی هاریكاری هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان بكات، به‌و مه‌رجه‌ی ئاینده‌یان بۆ مسۆگه‌ر بكه‌ن. ئه‌و كاره‌ی شه‌ریف پاشا له ‌هه‌وڵه‌ به‌رایییه‌كانی داده‌نرێت بۆ دروستكردنی وڵاتی كوردی. ئیتر به‌و جۆره‌ له‌ كه‌سێكی داكۆكیكه‌ر له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ره‌و كه‌سێكی ناسیۆنالیزمی وه‌ر‌چه‌رخا.

بۆ درێژه‌دانی به‌ پێوه‌ندیكردن به‌ ئینگلیزییه‌كان ساڵی 1918 كه‌ ئه‌وسا ده‌وڵه‌تی عوسمانی له ‌هه‌ره‌سدا بوو، لە شاری مارسیلیای فه‌ره‌نسا بە (سێر پێرسی کۆکس) گه‌یشت و داوای لێکرد چارەنووسی نەتەوەی کورد له‌به‌رچاو بگرێت و كاریش بكرێت بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردی، به‌تایبه‌تیش دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌مووه‌ سته‌مه‌ی كه‌ ئیتیحادییه‌كان له‌ كوردیان كردبوو. هاوكات نامه‌ی ده‌نارد بۆ سه‌ركرده‌كانی وه‌ك شێخ مه‌حمودی حه‌فید و سمکۆی شکاک و سه‌ید ته‌های نه‌هری و له‌ باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی‌ پرس و رای له‌گه‌ڵ ده‌گۆڕینه‌وه‌.

كاتێكش ‌جه‌نگه‌كه‌ وه‌ستا و ساڵی دواتر وڵاته‌ هاوپه‌یمانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان بۆ دیاریكردنی چاره‌نووسی وڵاته‌ ژێركه‌وتووه‌كان، كه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو، كه‌وتنه‌ گێڕانی كۆنگره‌ی ئاشتی و له‌و باره‌ش ‌رۆڵه‌كانی سه‌رۆك (ویلسن) ی سه‌رۆكی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و بانگه‌واز كردن بۆ چوارده‌ به‌نده‌كه‌ی دیار بوو كه‌ تێیدا هاتبوو هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك مافی داواكردنی سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه، ئه‌وسا شه‌ریف پاشا هه‌ر لە پاریسەوە نامەیەکی بۆ سەرۆکی کۆنگرەی ئاشتی نارد و تێیدا خواستەکانی کوردی بۆ به‌شداریکردن له‌و کۆنگره‌یه‌ خسته‌ ڕوو. ئه‌مه‌و تێكۆشه‌رانی كوردیش، له‌وانه‌ شێخ عەبدولقادری شێخ عوبەیدوڵای نەهری و ئەمین عالی بەدرخان له‌ ئه‌سته‌مبوڵ و شێخ مه‌حمودی حه‌فید له‌ سلێمانی، پشتگیرییان كرد و نامه‌یان بۆ كاربه‌ده‌سته‌ ئەمه‌ریکی و ئینگلیزی و فەڕەنسییه‌كان له‌ ئه‌سته‌مبوڵ و سلێمانی نارد و رایانگه‌یاند جه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا نوێنه‌ری كورده‌. جگه‌ له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ رێكخراوه‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كانیش پشتیگریان كرد و ئه‌ویان وه‌ك نوێنەری کورد ناسی‌ كه‌ لە پێناو چاره‌نووس و مافه‌كانی کورد تێده‌كۆشێ. ئه‌وه‌ بوو شەریف پاشا رۆژی 22ی ئازار وه‌ك سه‌رۆک وه‌فدی کورد، به‌شداری کۆنفرانسی ئاشتی له‌ پاریس كرد و له‌وێدا به‌ زمانی فه‌ره‌نسی یاداشتنامەیەکه‌ی لەبارەی داخوازییەکانی میللەتی کورد خوێنده‌وه‌ كه‌ تێیدا داوای بنیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆی بۆ کورد هاتبوو. ئه‌مه‌و له‌ ناوه‌ڕۆکی یاداشتنامه‌که‌یدا کوردی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز و خاوه‌ن مێژوو و که‌لتوور به‌ئاماده‌بووان ناساند و نەخشەیەکی کوردستانیشی خسته‌ڕوو كه‌ به‌ یه‌که‌مین نه‌خشه‌ی کوردستانی گه‌وره‌ ده‌ناسرێت که‌ له‌ ئاستی فه‌رمی و نێوده‌وڵه‌تیدا به‌کارهێنرابێت. ئه‌وسا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا (لوید جۆرج) و سه‌رۆك وه‌زیرانی فه‌ره‌نسی (كلیمه‌نسۆ) به‌وردی له‌ یاداشتنامه‌كه‌یان كۆڵیه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌مین یاداشتنامه‌ی كوردایه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و هه‌موو چین و توێژ و رێكخراوه‌كانی ئه‌وسای پارچه‌كانی كوردستان پشتگیرییان كردبوو. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ گرینگه‌ و رووداوه‌ سیاسییه‌ مه‌زنه‌ی شه‌ریف پاشا كاردانه‌وه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بوو، له‌ رۆژنامه‌كاندا به‌ گرنگی بڵاوكراوه و كوردانی زۆر شوێن پشتیوانی و پشتگیرییان بۆ شه‌ریف پاشا ده‌ربڕی. هاوكات كۆمه‌ڵێك نامه‌ی بۆ كه‌سایه‌تییه‌ بڕیار به‌ده‌سته‌كان نارد و له‌گه‌ڵ بۆغۆس نۆبار پاشای نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نییه‌كانیش رێكه‌وتننامه‌ی سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی سنووری نێوان كوردستان و ئه‌رمینیا مۆر كرد.

دواتر بەهۆی هەوڵەکانی شەریف پاشا و یاداشتنامەکەی، ناوی کورد خرا ناو به‌نده‌كانی پەیمانی سیڤەر كه‌ لە مانگی ئابی ساڵی 1920 به‌سترا وه‌ك له‌ بەندەکانی 62 و 63 و 64 ئاماژه‌ ئاینده‌ی کورد كرایه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ مایه‌ی دڵخۆشی كورد، هه‌رچه‌نده‌ ناوه‌رۆكی به‌نده‌كان هیچیان بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تێدا نه‌بوو، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو وڵاتی ئێران به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، له‌ ساڵانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی بڕیاری بێلایه‌ن بوونی دا. به‌داخه‌وه‌ دواتر به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌ زلهێزه‌كانی ئه‌وسای وه‌ك به‌ریتانیا و ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا و سۆڤییه‌ت له‌وه‌دا بوو، وڵاتی توركیا رازی بكه‌ن، بۆیه‌ لە كۆنگره‌ی (لۆزان) كه‌ ساڵی 1923 به‌سترا زۆر جیاواز بوو، پشت له‌ مافه‌ ره‌واكانی كورد كرا و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له ‌ناوه‌ڕۆكی سێ به‌نده‌كه‌ی سیڤه‌ریش هاتبوو، بووه‌ بڵقی سه‌ر ئاو. ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ کاریگەری خراپی لەسەر دەروونی هه‌موو كوردێك جێهێشت، شەریف پاشا غه‌می زۆری بۆ خوارد. به‌شێك له‌ شاره‌زایان هه‌ڵگیرسانی شۆرشی شێخ مه‌حمود دژی ئینگلیز له‌لایه‌ك و هه‌ڵوێستی به‌شێك له‌ نوێنه‌رانی شاره‌کانی (دیاربه‌کر و ده‌رسیم و وان و به‌تلیس و مه‌ڵاتیا‌) له‌لایه‌كی دیكه‌ كه‌ رایانگه‌یاند نایانه‌وێ له‌ تورکیای نوێ جیا ببنه‌وه، به‌ هۆكاری دروستنه‌كردنی ده‌وڵه‌ته‌ كوردییه‌كه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشا داده‌نێن.

هه‌رچه‌نده‌ دوای ئه‌وه‌ش جه‌نه‌ڕاڵ له‌ هه‌وڵه‌كانی نه‌وه‌ستا له‌پێوه‌ندیكردن به‌ سه‌رکرده‌ و باڵوێزخانه‌کان به‌رده‌وام بوو و له‌باره‌ی پرسی كورد و مه‌ترسی دوارۆژ ئاگاداری ده‌كردن. تا ته‌واو بێزار و بێ ئومێد بوو. ساڵی 1926 ئه‌مینه‌ خانمی خێزانی كۆچی دوایی كرد. ئیتر ژیانی به‌جارێك تێكچوو و وه‌ك كه‌سێكی بێهیوا زیاتر كاتی به‌ قومار و شه‌وبێداری به‌سه‌ر ده‌برد. له‌ رۆژانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی هه‌وڵیدا له‌ رێگه‌ی مۆسولینی و ئه‌ڵمانییه‌كان خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كورد به‌یدبهێنێ، به‌ڵام له‌وه‌شیان بی ئه‌نجام بوو. له‌گه‌ڵ په‌شێوییه‌كانی رۆژانه‌ (مه‌له‌ك خانم) ی سكرتێری ‌خوازت و له‌ویش كچێكی بوو به‌ناوی (كه‌ریمه‌) كه‌ ئه‌ویان ساڵی 1948 شوی به‌ كۆنت (پیكۆرینی مانزۆنی) ئیتاڵی كرد و ‌چووه‌ شاری کاتانزارۆی باشووری ئیتاڵیا. له‌ كۆتاییدا كه‌ شه‌ریف پاشاد ته‌واو ئیفلاسی كرد و چی ماڵ و موڵكی هه‌بوو له‌ ده‌ستید‌ا، ‌ناچار چووه‌ لای که‌ریمه‌ی کچی و له‌گه‌ڵ زاواكه‌ی ژیا، تا لە رۆژی  22 ی کانونی یەکەمی 1951 کۆچی دوایی كرد. پێش مردنیش وەسه‌تی کرد بوو تەرمەکەی بسووتێنرێت و خۆڵەمێشەکەی بکرێتە ناو دەریا، چونکە خۆی به‌ که‌سێکی بێ نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ ده‌زانی، بەڵام وەسیه‌تەکەی جێبەجێ نەکرا و كچه‌كانی (سزا خانم) و (شه‌ریفه‌ خانم) به‌ یارمه‌تی مه‌لیك فاروق، تەرمەکەیان گواستەوە قاهیرە و لە گۆڕستانی خدێوییەکان نێژا، كه‌ ئێستا شوێنه‌كه‌ ونه‌.

زۆرترین بینراو
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌: زه‌یدی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كردوه‌ به‌ مه‌رج بۆ پشكی هه‌رێم له‌ بوجه‌دا
​ڕاپۆرتێکی «مەدا»: دوای جموجۆڵەکانی جورف سەخر، هەرێمی کوردستان لە بەردەم گوشاری نوێ و دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدایە
یه‌كێتی: ئاماده‌ین بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم
میدیاکارێکی عێراقی: فالح فەیاز پێشوەختە بڕیارەکانی زەیدی رادەستی بارزانی کردووە
زەیدی تاوتوێی جووڵاندنی سوپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیاری وەرگرتنەوەی دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان دەدات
مه‌سعود بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە لە دژی قەوارەی هەرێم ڕەتدەکەینەوە
کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی باران‌و بەفربارین دەگرێتەوە
حکومەتی عێراق سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان دەگۆڕێت
روسیا: نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەشەڕی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×