زەعیم...ئەو کەسەی لە مامۆستاییەوە بوو بە ئەفسەر و چارەنووسی وڵاتێکی گۆڕی!
  2026-11-26     

ھێمن مەحموود

 

ھاوکاتی کێشمەکێش و ئاڵۆزییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، من سەرقاڵی خوێندنەوەی ڕۆمانی (زەعیم)ی عەلی بەدر بووم، کە کاک (سەباح ئیسماعیل) کردوویەتی بە کوردی و ژیاننامەیەکی وردی (عەبدولکەریم قاسم)ی ڕابەری شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ی عێراقە، کە تێیدا ڕژێمی پاشایەتی بۆ کۆماری گۆڕدرا.
ڕۆمانەکە ڕیتمی گێڕانەوەیەکی فرەلایەنە، کە چەندین کەس تێیدا پێکەوە ڕووداوەکان بە دوای یەکدا دەگێڕنەوە؛ ھەر لە ژیانی منداڵیی زەعیمەوە تاوەکو دوایین ساتی کۆتاییھاتنی ڕژێمی پاشایەتی و قەتڵوعامکردنی مەلیک فەیسەڵ و تەواوی خێزانی شاھانە لەسەر دەستی ئەفسەرێکی تووڕە و دەروون ناجێگیری سوپای عێراق، کە دوای ساڵانێک لەو تاوانە خۆیشی دەکوژێت.
ڕۆمانەکە کورتکراوەی مێژووی عێراقە، کە بە داگیرکاریی بەریتانییەکان و وەدەرنانی عوسمانییەکان لە سەرەتاکانی جەنگی جیھانیی یەکەم دەستپێدەکات و دواتر چیرۆکی لەسێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی لایەنگری نازییەکان و ئینجا ڕووداوە سیاسییەکانی دیکەی ناو وڵات دەگێڕێتەوە.
زەعیم، کە سەرەتا لە خێزانێکی زۆر دەستکورت و ھەژار لەدایک دەبێت، زۆر بە زەحمەت خوێندن تەواو دەکات و لە گوندێک دەبێتە مامۆستا. ڕۆژێک ئاگادارییەکی خولێکی ئەفسەران دەبینێت و کتوپڕ تێدەگات چارەنووس مامۆستایی بۆ نەنووسیوە، بەڵکو شتێکی دیکەی بۆ ھەڵگرتووە ئەویش خەونی شۆڕشە؛ ھەر بۆیە دەڕواتە خولەکە و دەبێتە ئەفسەر. ئەو بوون بە ئەفسەرییەشی چارەنووسی وڵاتێک سەرلەبەر دەگۆڕێت و تاوەکو ئێستاش لەو کاتەوە ئەم وڵاتە ئارامی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی بەخۆیەوە نەدیوە. باشە زەعیم قاسم ھەر مامۆستا بووایە، ژیانی عێراقییەکان ئێستا چۆن دەبوو؟
کۆمەڵێک ئەفسەر کۆدەبنەوە و پلان بۆ گۆڕینی پاشایەتی دادەنێن. قاسم و عەبدولسەلام عارف کە ھاوڕێن و سەرپەرشتییان دەکەن، لە ١٤ی ٧ی ١٩٥٨، بە بیانووی گواستنەوەی سوپا بۆ ئوردن، لە جەبەل مەنسوورەوە خۆیان دەگەیەننە بەغدا. دەمەوبەیان عەبدولسەلام بە دوو پاسەوانەوە کە فیشەکیشیان پێ نییە، دەڕوات بۆ ئێزگە تا یەکەم بەیاننامە بخوێنێتەوە. ئێزگەی بەغدا کەسی لێ نییە و دەرگا داخراوە، ناچار دەڕۆن بۆ ماڵی کچە بێژەرێک و کلیلەکان دەھێنن. بێژەرەکە بۆ یەکەمجار دەڵێت: «ئێرە بەغدادە، ئێزگەی کۆماری عێراق»، لەوێوە شۆڕش دەستپێدەکات.
لەولاشەوە کۆمەڵێک سەرباز بە چەند فیشەکێکەوە دەڕۆنە سەر کۆشکی پاشایەتی. پاشا و خانەوادەکەی خۆیان بۆ سەفەری لەندەن ئامادە کردووە تاوەکو دەزگیرانەکەی ببینێت؛ بێئاگا لەوەی چارەنووس چییان لێدەکات، بە دەنگی تەقە خەبەریان دەبێتەوە.
عەبدولئیلاھی خاڵی پاشا بەھۆی ئەوەی ناتوانێت بڕیاری بەرگری بدات، لە کاتێکدا پاسەوانانی کۆشک پڕچەک و مەشقپێکراون و دەتوانن ھێزی ھێرشبەری بێ تەقەمەنی تێکبشکێنن، بڕیاری خۆبەدەستەوەدان دەدات، ئەویش بە ھیوای پاراستنی گیانیان، کەچی وا دەرنەچوو.
عەبووسی ئەفسەر کتوپڕ دەست بە غەدارەکەیدا دەنێت و ھاوشێوەی کوژرانی بنەماڵەی قەیسەری ڕووسیا، تەواوی خانەوادەی پاشایەتیی عێراق، نەوەی پێغەمبەری ئیسلام، نەوەی شەریف حسێنی پاڵەوانی شۆڕشی عەرەب دەکوژێت.
دواتر ھاوڕێیانی شۆڕش تێکدەچن؛ سەلام، قاسم دەکوژێت و بێگۆڕی دەکات. ئینجا سەلام لە فڕۆکە دەخرێتە خوارەوە و براکەی دێتە شوێنی... بەکر ئەویش لادەبات. ئینجا سەدام دێت و بەکر لادەبات. دواتریش سەدام دەکرێت بە داردا.
لە گۆڕینی ڕژێمی پاشایەتییەوە تا ئێستا ملیۆنان عێراقی بەھۆی دروشمی پووچ و بێماناوە تیاچوون. ئابوورییەکەشی کە سەردەمانێک پەیوەست بوو بە پارەی بەریتانییەوە و تاجی شاھانەی لەسەر بوو، ئێستا ڕسواترین ئابوورییە.
قاسم ئاوێکی وای ڕشت... نەیھێشتووە تا ئێستا کودەتا و شۆڕش و جەنگ نەیھێشتووە وشک بکات. 

 

زۆرترین بینراو
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌: زه‌یدی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كردوه‌ به‌ مه‌رج بۆ پشكی هه‌رێم له‌ بوجه‌دا
​ڕاپۆرتێکی «مەدا»: دوای جموجۆڵەکانی جورف سەخر، هەرێمی کوردستان لە بەردەم گوشاری نوێ و دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدایە
یه‌كێتی: ئاماده‌ین بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم
میدیاکارێکی عێراقی: فالح فەیاز پێشوەختە بڕیارەکانی زەیدی رادەستی بارزانی کردووە
زەیدی تاوتوێی جووڵاندنی سوپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیاری وەرگرتنەوەی دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان دەدات
مه‌سعود بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە لە دژی قەوارەی هەرێم ڕەتدەکەینەوە
کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی باران‌و بەفربارین دەگرێتەوە
حکومەتی عێراق سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان دەگۆڕێت
روسیا: نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەشەڕی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×