بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ١٨ بەرپرسی سەربازی، ئەمنی و کارگێڕی لە کەرکوک و کۆمپانیای نەوتی باکوور دوورخرانەوە. پەرلەمانتارێکی عێراقیش دەڵێت "بەرپرسەکان دانیان بە تاوانەکانیان ناوە".
ئاوێنە: دوای لێکۆڵینەوەی لیژنەیەکی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەکە بۆی دەرکەوتووە کە جیا لە کونکردنی بۆری و دزینی نەوت لە هەندێک ناوچە، رۆژانە زیاتر لە ٦٠ هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی تانکەرەوە بە ناوی پاڵاوتگەکان دەبرێت و بەشێکیشی ئاودیوی ئێران دەکرێت.
لەوبارەیەوە مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق وتی "بەشدارییم لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسە دوورخراوەکاندا کردووە، بەرپرسەکان خۆیان دانیان بە بوونی قاچاغدا ناوە و ئەگەر دەستیشیان لەبردنی نەوتەکەدا نەبووبێت، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە سزادراون".
وتیشی "هەندێکیان تەنیا دوورخستنەوەیە، هەندێکی دیکەشیان دەستیان تێدا هەبووە و بۆ لێکۆڵینەوە دەبرێن. بەڵام هەندێک بەرپرسی دیکە، بۆ نموونە بەڕێوەبەرانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری کە تازە دەستبەکاربوون، تەنیا ئاگادارکردنەوەیان بۆ رۆیشتووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن و تەنیا بە دوورخستنەوە تەواو نابن".
بەگوێرەی ناوبراو، دوای دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانە، لیژنەیەکی دیکە لە بەغداوە گەیشتووەتە کەرکوک بەمەبەستی رێکخستنەوەی میکانیزمی کارکردنی دامەزراوە نەوتییەکان.
لایخۆشیەوە، ئەندازیار سیروان مستەفا، سەرۆکی جیۆلۆجیی پێشکەوتوو لە کۆمپانیای نەوتی باکوور رایگەیاند "زۆریی رۆتین وایکردبوو هیچ گرێبەستێک بۆ پێشخستنی کەرتی نەوت سەرکەوتوو نەبێت، ئەو گرێبەستانەی رێگرییان لەپشتەوە بووە، بەدڵنیاییەوە گەندەڵیی گەورەیان تێدا هەبووە. ئەم هەڵمەتەی ئێستاش کە سەرۆک زەیدی دەستیپێکردووە و کۆمەڵێک بەرپرسی گرتووەتەوە، وەڵامی قسەکانمانە کە گەندەڵییەکی گەورە و بەربڵاو لەنێو ئەم ئیدارەیە و جومگەکانی کۆمپانیای نەوتدا هەیە، بۆیە تووشی ئیفلیجی بووە".
بەپێی راپۆرتەکانی هەواڵگری و بەدواداچوونی تەکنیکی لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەهۆی بوونی گەندەڵی و نەبوونی چاکسازی لە دامەزراوە نەوتییەکاندا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە ٦٠٠ هەزار بەرمیلەوە بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە.