عێراق لەبارەی ڕسوماتی گەشتیارییەوە ڕوونکردنەوە دەدات؛ ئێران و لوبنان دەبەخشرێن و بڕیاری 44 وڵات پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت
  2026-11-22     

وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق، ڕۆژی یەکشەممە، دووپاتی کردەوە کە پلانی سەپاندنەوەی ڕسوماتی گەشتیاری، گەشتیار و زیارەتکارانی هەردوو وڵاتی ئێران و لوبنان ناگرێتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا عێراق بە بڕیاری لێخۆشبوونی ڕسومات بۆ هاووڵاتییانی 44 وڵاتی دیکەدا دەچێتەوە.

ئاوێنە:  ​لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەدواداچوونیان کردووە و پەیوەندییان بە باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغداوە گرتووە، ئەمەش لە دوای ئەو کاردانەوە و مشتومڕانەی بەهۆی لێدوانەکانی عەلی دوخەیلی، وەزیری گەشتوگوزار سەبارەت بە فرۆشتنی بەڵگەنامەی گەشت بە بڕی 50 دۆلار هاتنە ئاراوە. وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، لایەنی ئێرانی لە وەڵامدا ڕوونی کردووەتەوە کە "پاسپۆرتی خادم" بەبێ بەرامبەر و بەخۆڕایی دەردەکرێت و تەنها تایبەتە بەو هاووڵاتییە ئەفغانی و پاکستانییانەی دانیشتووی ئێرانن، بە مەبەستی ڕێکخستنی پرۆسەی هاتن و چوونەدەرەوەیان لە کاتی بەڕێوەچوونی زیارەتی چلەدا.

​وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار جەختی لەسەر جێبەجێکردنی بنەمای مامەڵەی هاوشێوە کردەوە و ڕایگەیاند، هیچ ڕسوماتێک ناخرێتە سەر گەشتیارانی ئێران و لوبنان، لەبەر ئەوەی ئەو دوو وڵاتەش ڕسوماتی هاوشێوە لە هاووڵاتییانی عێراق وەرناگرن. لە هەمان کاتدا ئاشکرای کرد کە پێداچوونەوە بە بڕیاری ڕاگرتنی ڕسوماتی گەشتیاری بۆ هاووڵاتییانی ئەو 44 وڵاتەدا دەکرێت کە پارە لە هاووڵاتییانی عێراق وەردەگرن و پابەندی مامەڵەی هاوشێوە نابن، بێ ئەوەی هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ دەرچوونی بڕیارەکە بخاتە ڕوو.

​ئەم هەڵوێستە فەرمییەی وەزارەتەکە پاش ئەوە هات کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، عەلی دوخەیلی ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی لێخۆشبوونی ڤیزا لە نێوان بەغدا و تاران گرتبوو و بە زیانبەخش بۆ عێراق وەسفی کردبوو. وەزیرەکە ئاماژەی بە بوونی ئاراستەیەک کردبوو بۆ سەپاندنەوەی بڕی 50 دۆلار بەسەر زیارەتکارانی ئێرانیدا، هاوکات تارانی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە پاسپۆرتی تێپەڕبوون بە 50 دۆلار بە هاووڵاتییانی پاکستانی و ئەفغانی دەفرۆشێت، ئەمەش نیگەرانی و کاردانەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا و داوای خستنەڕووی بەڵگەیان کردبوو.

​پێش ئەم ڕوونکردنەوەیەش، ڕۆژی شەممە، باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران بوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی فەرمیی لە نێوان عێراق و ئێران بۆ سەپاندنەوەی ڤیزا ڕەت کردەوە و دووپاتی کردەوە کە ئەو بابەتە لە دانوستانە دووقۆڵییەکاندا باس نەکراوە. جێی ئاماژەیە، هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران پێشتر بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی گەشتیاران، بەتایبەتی لە کاتی بۆنە و زیارەتە ئایینییەکانی کەربەلا و نەجەفدا، ڕسوماتی ڤیزایان لە نێوان یەکتردا هەڵوەشاندبووەوە.

زۆرترین بینراو
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەی یەکێتی‌و پارتی بێ ئەنجام بووەو یەکێتی دوو داواکاری ھەیە
کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی کۆتایی هات
یانه‌ی هه‌ولێر: له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یاریگای دهۆك هێرشی دڕندانه‌مان كرایه‌ سه‌ر
زەیدی بانکی تی بی ئای ڕاسپارد 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بفرۆشێت
عراقچی: یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران نابرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڵام ده‌كرێت له‌باره‌یه‌وه‌ بگه‌ینه‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك
مه‌سعود بارزانی و فالح فه‌یاز: كێشه‌كانی نێوان هەرێم و عێراق لە چوارچێوەی دەستور قابیلی چارەسەرن
ترەمپ: ئێستا رووبەڕووی سەرکردەی سێیەم بوینەتەوە و دوای ئەو کۆتایی ریژێمە
وه‌زیری ده‌وڵه‌تی عێراق و وه‌زیری وزه‌ی توركیا تاوتوێی پشكی توركیا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن
"ماسکیزم"، چۆن ئیلۆن ماسک بوو بەهێمای سەردەمی ئێمە؟
ره‌حمان غه‌ریب بۆ میدیاكانی پارتی و یه‌كێتی: شەڕی تۆخكردنی زۆنچێتی و كۆنەقین بوەستێنن
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×