نەتانیاهۆ ئەرکێکی نهێنی لەناوخۆی ئێراندا بەمۆساد دەسپێرێت
  2026-11-18     
نەتانیاهۆ

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرایکردووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە بێ ئاگاداری سەرکردایەتی سەربازی و حکومەت، ئەرکی ئامادەکردنی ئۆپەراسیۆنێکی شاراوەی لە ناوخۆی ئێراندا بە مۆساد سپێردراوە، سەرەڕای ترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ کە بتوانێت واشنتۆن بۆ ناو ململانێکان ڕابکێشێت.

ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتی واشنتۆن پۆست، سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل پێیان وایە ڕەنگە نەتانیاهۆ پەنا بۆ هەر ڕێگایەک ببات بۆ مانەوە لە پۆستەکەیدا، لەوانەش دووبارە هەڵگیرساندنەوەی شەڕێکی تەواو لەگەڵ ئێران.
لە چەند هەفتەی پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە لە ٢٧ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، نەتانیاهۆ فشاری خستە سەر هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران، بەڵام ڕووبەڕووی دژایەتیی فەرماندەی باڵای سەربازی ئیسرائیل، لیوا ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بووەوە، کە ترسی ئەوەی هەبوو گەڕانەوە بۆ شەڕ و پێکدادانەکان هەڵبژاردنە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان پەک بخات.
بە وتەی چوار کەسی ئاگادار لەو بابەتە، بەردەوامی پێداگری ناتانیاهۆ لەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دژی ئێران نیگەرانی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و لەناو دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیلی لێدەکەوێتەوە.
ئەم چاودێرانە ترسی ئەوەیان هەیە کە نەتانیاهۆ وەک سەرۆکی حکومەتێکی کاربەڕێکەر، هەوڵبدات قەیرانێکی سەردەمی جەنگ بقۆزێتەوە بۆ باشترکردنی ئاسۆی سیاسی خۆی، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕکابەرە سەرەکییەکەی، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، گادی ئایزنکۆت، ئەرکی هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی پێدرا.

ئایزنکۆت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هۆشداری دایە ناتانیاهۆ کە هێرش نەکاتە سەر ئێران. ناوبراو هۆشداریی توندی بە ناتانیاهۆ دا لەفەرمانی هەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازی کە بتوانێت تاران وروژێنێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل دوای هەڵبژاردنەکان قۆناغێکی گواستنەوەی هەستیار بەخۆیەوە دەبینێت.

ئایزنکۆت تا ٢٠ی کانونی دووەمی ماوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی کە نەتانیاهۆ لە دەسەڵات دەربکات.

بەشێک لە لایەنگرانی نەتانیاهۆ پێیان وایە ئەگەر ئیسرائیل بگەڕێتەوە دۆخی شەڕ، سەرۆک وەزیران دەتوانێت فشار بخاتە سەر ئایزنکۆت بۆ ئەوەی پەیوەندی بەحکومەتێکی یەکێتی نیشتمانییەوە بکات و نەتانیاهۆش لە سەرکردایەتی ئەو حکومەتە بمێنێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو لە میانی کۆنگرەیەکی ئەمنی لەگەڵ سەرۆکوەزیران، ئایزنکۆت داوای کرد لە پێشهاتە ئەمنییە گرنگەکان ئاگادار بکرێتەوە.

سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن نیگەرانی خۆیان دەربڕی کاتێک ناتانیاهۆ ڕۆمان گۆفمانی سەرۆکی مۆسادی ڕەوانەی واشنتۆن کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی کۆببێتەوە بەبێ ئەوەی ئایزنکۆت ئاگادار بکاتەوە، بەپێی دوو بەرپرسی ئۆپۆزسیۆن.

ناکۆکییە توندەکانی نێوان ناتانیاهۆ و سەرۆکی ئەرکانی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، نیگەرانییەکانی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن سەبارەت بەئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەیاندە لوتکە لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، کە تەنها پێش هەڵبژاردنەکان بوو.

لەو کاتەدا ئایزنکۆت لێدوانی لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاوکردەوە کە بەرگری لە ڕەخنەی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئیال زەمیر دەکات سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی و هۆشداری داوە بە ناتانیاهۆ لە دوورخستنەوەی فەرماندەی باڵای سەربازی وڵاتەکە.

لە ٢١ی تشرینی یەکەمدا ئایزنکۆت وتی "متمانەیەکی تەواوم بە سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ئیال زەمیر و فەرماندەکانی ئیسرائیل هەیە، کە لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی پیشەیی و پابەندبوونی ڕەهای خۆیان بە ئاسایشی دەوڵەتەوە مامەڵە دەکەن".

 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×