ئا: ئاوێنە
ڕواندا بە فەرمی یەکەم سەنتەری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لەدەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەکاتەوە، ئامانج لێی خێراترکردنی گەڕانەوەی ئەو کەسانە دەبێت کە مافی پەنابەرییان نییە لە یەکێتی ئەوروپا.
رواندا یەکەم وڵات دەبێت کە میوانداری سەنتەری پێشوازی کۆچبەران بکات لە وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، وەک لە کۆبوونەوەی وەزیرانی کۆچبەری وڵاتانی یۆنان، نەمسا، دانیمارک، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لەڤیەنا ڕاگەیەندرا .
وەزیری کۆچبەری و پەنابەری یۆنان، تانۆس پلێڤریس رایگەیاند کە یۆنان وەک وڵاتێکی پێشوازی یەکەم، دەزانێت کە دەبێت سنوورەکانی بپارێزێت، بەڵام ئەوەش دەزانێت کە "گەڕانەوەی کۆچبەران دەبێت خێراتر بکرێت. هەر کەسێک مافی پەنابەری هەبێت لە یەکێتی ئەوروپا وەریدەگرێت، هەرکەسێک مافی پەنابەری نەبێت دەبێت بگەڕێتەوە. ئەگەرنا پەنابەری هیچ بەهایەکی نییە".
وەزیرەکە جەختی لەوە کردەوە سەنتەری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە ڕواندا کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگونجێت، پێکهاتەیەکی داخراو نابێت، بەڵکو "گێڕانەوەیەکی ئەرێنی دەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە ناتوانن لە ئەوروپا بمێننەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە قۆناغی داهاتوودا کە نەخشەڕێگای ڕوونمان دەبێت، پێمان وایە ئەم بەدیلە دەبێتە چارەسەرێکی چارەنووسساز بۆ گۆڕینی سیاسەتی کۆچ لە ئەوروپا کە شکستی هێناوە.”
بۆچی ڕواندا هەڵبژێردرا؟
هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە ئەفریقییە بەرێکەوت نازانرێت، چونکە پێشتر ئەزموونی هەیە لە میوانداریکردنی دانیشتوانی پەنابەر، هەروەها زانیاری هەیە لەبەڕێوەبردنی پێکهاتە هاوبەشەکان.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی پلانەکە ئەوەیە کە کۆچبەران لە پێکهاتەی کراوەدا نیشتەجێ دەکرێن نەک لە شوێنی دەستبەسەرکردندا، هەروەها ڕێگەیان پێدەدرێت بە شێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەدا بمێننەوە بۆ ماوەی پێویست تا ئەو کاتەی ڕێکارەکانی گەڕانەوەیان تەواو دەبێت، کە دەتوانێت ساڵێک بخایەنێت.
بەرپرسیارێتی دارایی و پشتیوانی میوانەکان بەردەوام دەبێت لەئەستۆگرتنی دەوڵەتانی ئەوروپی کە بەشدارن لە بەرنامەکەدا. هاوکات بەپێی پلانەکە، ئەوانەی ئارەزووی دەکەن دەرفەتی مانەوەیان لەڕواندا دەبێت، ئەگەر هەڵیبژێرن، بەو پێیەی وڵاتەکە توانای گەشەپێدانی هەیە و پێویستی بە هێزی کار هەیە.