وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نامەیەکی فەرمیدا داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەکات، هەڵوێستی ڕاشکاویان هەبێت بەرامبەر بە بڕیارێکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە خەڵاتێکی دارایی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ڕاگەیاندووە.
ئاوێنە: بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ نامەیەکی فەرمی ئاراستەی هەریەک لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سانیتا پاڤلۆتا-دێسلاندس، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، و ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کردووە.
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییەی تاران دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی پرۆگرامی ناسراو بە "پاداشت لەپێناو دادپەروەری" (Rewards for Justice)، لە ڕۆژانی ٦ و ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەیەکی دەرکردووە و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)یش دووبارە بڵاوی کردووەتەوە. لە بڵاوکراوەکەدا ئەمریکا پێشنیاری پێدانی خەڵاتێکی تا بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ ئەگەری گواستنەوە و نیشتەجێکردن لە شوێنێکی دیکە خستووەتە ڕوو، لە بەرامبەر پێدانی زانیاری لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەتایبەت زانیاری لەسەر ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە بەرنامەکەوە هەیە، ئەندامانی کۆمەڵگەی زانستی، دامەزراوەکان و کەرەستە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.
مەترسی لەسەر ئاسایشی زانایان و بنکە ئەتۆمییەکان
لە نامەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم هەنگاوەی واشنتۆنی بە "سەرەڕۆیی و مەترسیدار" وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم بڵاوکراوەیە نیگەرانیی جیدی دروست دەکات سەبارەت بە کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەلامەتیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتییانەی وڵاتێک کە ئەندامی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە (NPT).
عێراقچی ئاماژەی بەوە داوە کە بڕیارەکەی ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هانی کۆکردنەوەی زانیاریی نهێنی و سیخوڕیکردن بەسەر دامەزراوە و ماددە ئەتۆمییەکان، کەرەستە تەکنیکییەکان، و زانایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە دەدات. بە گوتەی ناوبراو، ئەم ڕێچکەیە مەترسیی هاندانی چالاکییە سیخوڕییەکان و بەئامانجگرتنی زانایانی ئەتۆمی و کادیرە تەکنیکییەکانی لەخۆگرتووە، هاوکات ژیان و ئاسایشی کەسیی ئەو کەسانە دەخاتە مەترسییەوە کە لە چالاکییە ئەتۆمییە ئاشتییانەکاندا بەشدارن.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە ماددەی چوارەمی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) کردووەتەوە، کە مافی وڵاتان بۆ پەرەپێدانی توێژینەوە، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە بەبێ جیاوازی و لە چوارچێوەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەسەلمێنێت. لە نامەکەدا هاتووە کە هیچ دەوڵەتێک نابێت لە ڕێگەی ڕێوشوێنی زۆرەملێ، دەستێوەردانی شاراوە، یان چالاکییەک کە ئاسایشی بنکە ئەتۆمییەکان و کۆمەڵگەی زانستیی وڵاتێکی دیکە دەخاتە مەترسییەوە، هەوڵی لاوازکردنی چالاکییە ئەتۆمییە یاساییەکانی ئەو وڵاتە بدات.
کاریگەری لەسەر متمانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم
بەشێکی دیکەی نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران تەرخان کراوە بۆ کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارەی ئەمریکا لەسەر کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم. عێراقچی ڕایگەیاندووە کە داواکردنی ئاشکرای زانیاریی نهێنی لەسەر دامەزراوە، کەرەستە و کارمەندانی پەیوەندیدار بە وڵاتێکی خاوەن سەروەری، لە کاتێکدا ئەو بنکانە لەژێر چاودێری و گەرەنتییەکانی (ضمانات) ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدان، پرسیاری جیدی لەسەر متمانە، بێلایەنی و کارایی سیستەمی چاودێریی ئاژانسەکە دروست دەکات.
لە دەقی نامەکەدا هۆشداری دراوە کە یەکێک لە دەرەنجامە ڕاستەوخۆکانی ئەم هەنگاوەی ئەمریکا ئەوەیە کە "پێشبینی ناکرێت جێبەجێکردنی ئاسایی پابەندییەکانی چاودێری بەردەوام بێت، لە کاتێکدا خودی دامەزراوەکان، کارمەندان و ئەو زانیارییە هەستیارانەی کە سیستەمی چاودێری پشتیان پێ دەبەستێت، ڕووبەڕووی مەترسیی تیرۆر، تێکدان و دەستدرێژی دەبنەوە."
تاران جەخت دەکاتەوە کە ملکەچبوونی بنکە ئەتۆمییەکان بۆ چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی، ئەوان ناخاتە دەرەوەی بازنەی یاسای نێودەوڵەتی و بە هیچ شێوەیەک مافە سەروەرییەکانی دەوڵەت کەم ناکاتەوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە داواکردنی زانیاری لەسەر پێکهاتە، تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان و چالاکیی بنکە چاودێریکراوەکان، مەترسیی خراپ بەکارهێنانی زانیارییەکانی پەیوەست بە چاودێری دروست دەکات بۆ ئامانجێک کە بە تەواوی پێچەوانەی ئەرکی پشکنینی ئاژانسەکەیە، و پێویستە ڕێگری بکرێت لەوەی سیستەمی چاودێریی ئاژانسەکە ببێتە ئامرازێک بۆ چالاکییە هەواڵگری و سیخوڕییەکانی ئەمریکا.
هەر لە نامەکەدا هاتووە کە زانایان و پسپۆڕە تەکنیکییەکان دەبێت بتوانن ئەرکە پیشەییەکانیان بەبێ ترساندن، هەڕەشە یان ناچارکردن ئەنجام بدەن، و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی لەسەر شانە بۆ پاراستنی سەلامەتیی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و کارمەندەکانیان، هەروەها ڕێگریکردن لە هەر کردەوەیەک کە مەترسیی تێکدان یان ڕووداوی بەئەنقەستی لێ بکەوێتەوە کە دەرەنجامی تیشکدەری و مرۆیی مەترسیداری هەبێت.
داواکارییە فەرمییەکانی ئێران
لە کۆتایی نامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کردووە کە بڵاوکراوەکەی ئەمریکا بە ڕاشکاوی و بەبێ هیچ تەمومژێک ئیدانە بکەن، و چەند داواکارییەکی دیاریکراوی خستووەتە ڕوو:
داواکارییەکان لە سکرتێری گشتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان:
1. ڕاکێشانی سەرنجی دەستبەجێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەر دەرەنجامە مەترسیدارەکانی بڕیارەکەی ئەمریکا لەسەر پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
2. چارەسەرکردنی ئەو هەڕەشانەی کە ڕێکارەکانی ئەمریکا لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی بنکە ئەتۆمییەکان، کەرەستەکان و کارمەندەکانیان دروستی دەکەن، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکانیان بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها لێپرسینەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر هەنگاوە نایاساییە بەردەوامەکانی.
داواکارییەکان لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم:
1. جەختکردنەوە و دووپاتکردنەوەی گرنگیی پاراستنی نهێنی، بێلایەنی و سەربەخۆیی دامەزراوەیی چالاکییەکانی چاودێریی تایبەت بە ئاژانسەکە.
2. گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست لە چوارچێوەی دەسەڵات و ئەرکی یاسایی ئاژانسەکەدا بۆ دڵنیابوون لە ئاشکرانەکردنی زانیارییەکانی پەیوەست بە چاودێری کە لە کاتی کارەکانی ئاژانسەکەدا بەدەست دەهێنرێن، و ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانیان یان قۆستنەوەیان بۆ مەبەستی دژ بە ئەرکی ئاژانسەکە؛ لەم چوارچێوەیەشدا گرنگییەکی تایبەت بە دابینکردنی سەلامەتی و ئاسایشی زانایانی ئەتۆمی و کارمەندە پەیوەندیدارەکان بدرێت.
3. ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەم بابەتە، و تاوتوێکردنی ڕێوشوێنە دامەزراوەییە پێویستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانیدا.
لە کۆتاییدا، عەباس عێراقچی داوای کردووە کە ئەم نامەیە وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم تۆمار بکرێت و بەسەر ئەنداماندا دابەش بکرێت.