ئاگرێک لە گەورەترین کێڵگەی غازی ئێران کەوتەوە و سەکۆیەک بەتەواوی چۆڵکرا
  2026-11-11     

شەوی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە لە یەکێک لە سەکۆکانی دەرهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی "پارسی باشوور" لە ئێران کەوتەوە، بەهۆی مەترسیی ڕووداوەکەشەوە تەواوی ستافی سەر سەکۆکە بۆ شوێنێکی سەلامەت گوێزرانەوە.

​ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی وەزارەتی نەوتی ئێران، دوای دروستبوونی ئاگرەکە لە سەکۆی دەرهێنانی غاز لە کێڵگەی پارسی باشوور، وەک ڕێکارێکی بەپەلە بۆ پاراستنی گیانی کارمەندان و دەستەبەرکردنی سەلامەتییان، سەرجەم ئەندازیاران و کرێکارانی سەر سەکۆکە چۆڵکراون و بۆ شوێنێکی دیکە گوێزراونەتەوە.

​وەزارەتی نەوتی ئێران لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای گەورەیی قەبارەی ئاگرەکە، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. تیمەکان توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و ڕێگری لە تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی زیاتری بکەن بۆ بەشەکانی دیکەی سەکۆکە.

​سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە، تا ئێستا نە لایەنە پەیوەندیدارەکان و نە میدیا فەرمییەکانی ئێران هیچ وردەکارییەکیان لەوبارەیەوە نەخستووەتە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا، خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژە بە دوو ئەگەری سەرەکی دەکەن؛ کە ڕەنگە ڕووداوەکە لە ئەنجامی دزەکردنی غازی سروشتی لە بەشێکی سەکۆکەدا بووبێت، یان بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی و شێوازی بەکارخستنەوە دروست بووبێت.

​ئەو سەکۆیەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە، ڕۆژانە نزیکەی 14.5 ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت لە کۆی توانای گشتیی بەرهەمهێنان کە دەگاتە 700 ملیۆن پێ سێجا. کێڵگەی غازی "پارسی باشوور" کە دەکەوێتە ئاوەکانی کەنداو بەرانبەر بە وڵاتی قەتەر، بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی غازی سروشتی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت و قەبارەی یەدەگی غازی سروشتی لەو کێڵگەیەدا بە 51 تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت.

زۆرترین بینراو
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵیی سکاڵایان لە دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکرد
مه‌سرور بارزانی: له‌گه‌ڵ تۆم باراك هاوڕابوین كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم به‌ یه‌كگرتویی بمێنێته‌وه‌
کۆڕەک تیلیکۆم لە دادگای فیدراڵی دۆڕاندی و دەستەی گەیاندنی عێراق بردیەوە
فوئاد حوسێن وردەکاریی سەردانە نهێنییەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران و هەوڵەکانی ڕاگرتنی جەنگ ئاشکرا دەکات
نێچیرڤان بارزانی لەسەر داوای ئەردۆغان دەچێتە تورکیا
لە وێستگەکانی ئاوەوە بۆ ساردکەرەوەی فرۆشگاکان؛ نهێنییەکانی گرووپی سایبەری "شەهید کاوە" و پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە ئاشکرا دەکرێت
ئیکۆ عێراق وردەکاریی زیانە داراییەکانی کێڵگەی کۆرمۆر و لێکەوتەکانی لەسەر کەرتی کارەبا بڵاودەکاتەوە
حوسییەکان بۆ شەرع: لە بری شەڕی یەمەن، وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بدەنەوە
1. لێکەوتەکانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر؛ کەمبوونەوەی کارەبا و گرانبوونی بازاڕ ژیانی رۆژانەی لە سلێمانی قورس کردووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×