دوای ئەوەی لە بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شاری هەولێر کارەبای نیشتمانی پچڕا و چەندین لێکدانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا، پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هۆکاری پچڕانی کارەباکەی بۆ کاروباری هونەری گەڕاندەوە و کاتی گەڕانەوەی کارەبای دیاری کرد.
پڕۆژەی ڕووناکی ڕایگەیاندووە کە لە دۆخی کارەبادا هیچ گرفتێکی نائاسایی بوونی نییە، بەڵکو پچڕانی کارەبای ئەو گەڕەکانە بەهۆی بەردەوامیی کارەکانیانە لە پرۆسەی بەستنی پێوەری زیرەک و چاکسازیکردن و سازدانەوەی تۆڕەکانی کارەبادا. هاوکات جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم دۆخە کاتییە و ئەمڕۆ لە دوای کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارەوە پرۆسەی دابەشکردنی کارەبا لە سەرجەم ئەو شوێنانەدا ئاسایی دەبێتەوە.
ئەم ڕوونکردنەوە فەرمییە لە کاتێکدایە کە پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، گوایە بەهۆی ناکۆکی و کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە کارەبای نیشتمانیی شاری هەولێر کوژێندراوەتەوە و هاووڵاتییانی شارەکە لە کارەبا بێبەش کراون، بەڵام پڕۆژەی ڕووناکی هۆکارەکەی تەنها بۆ کارە تەکنیکییەکان گەڕاندەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پڕۆژەی ڕووناکی، بەهۆی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و بەستنی پێوەری زیرەکەوە، کارەبای ٣١ گەڕەکی شاری هەولێر پچڕاوە کە پێکهاتوون لەم گەڕەکانە:
کورانی ئەلبان، ڕزگاری، کرێکاران، کوردستان، بەهار، ئازادی
ماجیداوە، ڕاستی، نیشتیمان، نەورۆز، ماردین، زانیاری
تەعجیل، عارەب، منارە، ژیان، تەیراوە، مستەوفی
سەڵاحەدین، کوران عەنکاوە، عەنکاوە، شۆڕش، کانی، نووسەران
کوێستان، خانەقا، سەیداوە، سێتاقان، کۆماری، ڕووناکی، مەنتکاوە