لەسەروبەندی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی، میدیای نزیک لەو حزبە چوار سیناریۆ بۆ قۆناغی دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەخاتەڕوو، کە تێیدا ئاماژە بە ئەگەری ڕاگەیاندنی "دوو ئیدارەیی" کراوە لە حاڵەتی پەراوێزخستنی یەکێتی و نەوەی نوێ لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا.
ئاوێنە: بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە (٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حزبەکە لە شاری سلێمانی کۆببێتەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و لێکەوتەکانی دوای هەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، کەناڵ ٨ی نزیک لە بافڵ تاڵەبانی، شیکردنەوەیەکی سەبارەت بە داهاتووی پڕۆسەی سیاسی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە لە قۆناغی دوای کاراکردنەوەی پەرلەماندا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چوار سیناریۆی جیاواز دەبێتەوە، کە بریتین لە:
سیناریۆی یەکەم (مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی): هەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمان تەنیا وەک ڕێکارێکی یاسایی بێت بۆ پاراستنی دامەزراوەی پەرلەمان لە ئەگەری هەر بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، و کارەکانی پەرلەمان و حکومەت بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بن.
سیناریۆی دووەم (بایکۆتی حکومەت): پەرلەمانی کوردستان لە کارەکانی بەردەوام بێت، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری بایکۆتکردنی حکومەت بدات، لە بەرامبەریشدا پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بخاتەگەڕ.
سیناریۆی سێیەم (ڕێککەوتنی سیاسی): گەڕانەوەی فراکسیۆنی یەکێتی بۆ ناو دانیشتنەکانی پەرلەمان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم.
سیناریۆی چوارەم (تێپەڕاندنی کابینەی نوێ): هەنگاونان بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ بەبێ بەشداریپێکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ.
سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم ئەگەرانە، کەناڵەکە بە ڕوونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەگەر سیناریۆی چوارەم جێبەجێ بکرێت و کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ بەشداریی یەکێتی و نەوەی نوێ پێکبهێنرێت، ئەوا وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەدا، "دوو ئیدارەیی لە هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنرێت".