سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێکشکانی چوار کەشتیی نەوتهەڵگری لە باشووری گەرووی هورمز بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینی دەریایی ڕاگەیاند، هاوکات سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی هیچ پلانێکی خێرای بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی تاران هەبێت.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، چوار کەشتیی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونیان بە ڕێڕەوێکی قەدەغەکراودا لە باشووری گەرووی هورمز، بەر مینی دەریایی کەوتوون و تێکشکاون. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران، بەهۆی تەقینەوەکانەوە ئاگر لە کەشتییەکان کەوتووەتەوە و هێزە دەریاییەکانی ئێران دەستیان بەسەر دوو لەو کەشتییانەدا گرتووە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاندبوو، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دووری ١٤ میل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی لیمای سەر بە سەڵتەنەتی عومان، بە دوو مووشەکی نەناسراو کراوەتە ئامانج. دەستە بەریتانییەکە ڕوونیکردەوە کە تا ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەیان لەبارەی کەوتنەوەی زیانی گیانی، برینداربوونی تاقمی کەشتییەکە، یان زیانی ژینگەیی لەو ڕووداوەدا پێ نەگەیشتووە.
لێکەوتەی ئاڵۆزییەکان لەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا
لە لایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی سیاسیی ئەمریکا، گرژییەکانی کەنداو کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی واشنتن دروست کردووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە شەڕ و ململانێکانی دژی ئێران ڕۆڵیان هەبووە لە پاشەکشە و شکستپێهێنانی پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا، کە دوێنێ سێشەممە بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی دیموکراتەکان بەرەو کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران هەنگاو دەنێن، ئەم گۆڕانکارییەش لە هاوسەنگیی هێزدا وەک ئاستەنگێکی یاسایی و سیاسی لەبەردەم ئیدارەی ترەمپ لێکدەدرێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، لەبارەی ئەگەری کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس لەلایەن ڕکابەرەکانییەوە ڕایگەیاند: "دیموکراتەکان ئەو یاسایانەمان بۆ دەنێرن کە من بە شێتانە ناویان دەبەم." ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە دەسەڵاتی دەستووریی خۆی و مافی ڤیتۆ لە دژی پەسەندکردنی ئەو پرۆژەیاسایانە بەکاردەهێنێت.
سەبارەت بە کاریگەریی گرژییەکانی ئێران لەسەر دەنگدەری ئەمریکی، ترەمپ ئاماژەی بە لایەنی ئابووریی ململانێکان کرد و گوتی: "لەوانەیە خەڵک بۆ لێکەوتە کورتخایەنەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئامادە نەبووبن."
سەرباری پەرەسەندنی ڕووداوە ئەمنییەکانی گەرووی هورمز، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، واشنتن لە ئێستادا هیچ پلانێکی خێرای بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران نییە، هاوکات بە دووری زانی ململانێکانی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی داهاتوودا زیاتر توند ببنەوە.