بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی ڕاگەیاند، کە وەک قاچاخچی بەرپرس بووە لە گواستنەوەی خێزانێکی شاری سلێمانی و لە ئەنجامدا سێ منداڵی ئەو خێزانە لە ڕێگەی کۆچی نایاساییدا گیانیان لەدەستداوە.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەولێر، ماوەیەک بەر لە ئێستا خێزانێکی دانیشتووی شاری سلێمانی بە مەبەستی کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات، لەگەڵ قاچاخچییەکدا ڕێککەوتوون. لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوەیان لە ڕووبارێکی ناو خاکی تورکیا لە ڕێگەی بەلەمی چووپەوە، بەلەمەکەیان وەرگەڕاوە و ژێرئاو کەوتووە؛ بەهۆی ئەو ڕووداوەشەوە سێ منداڵی خێزانەکە بە ناوەکانی (هەستیار، هەریاد و میلا) خنکاون و گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشدا ئاماژە بەوە دراوە، کە دوای ڕووداوەکە هێزەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری کردووە، تاوەکو توانیویانە ناسنامەی تۆمەتبارەکە بە ناوی (ڕ. ئە. م.) ئاشکرا بکەن.
ئاسایشی هەولێر ڕوونیشی کردووەتەوە، دوای ئەوەی قاچاخچییەکە گەڕاوەتەوە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری ڕاستەوخۆی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر و لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا دەستگیر کراوە، لە ئێستاشدا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕادەستی یاسا کراوە بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی بەرامبەری.