فراکسیۆنی بەرەی گەل لە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا کە بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا بکات و دەڵێت "چونکە پێی وایە ئەندامان نوێنەری خەڵکن".
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشممە، بەرەی گەل لەمیانی راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد "ماوەی دوو ساڵ زیاترە هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەبێ هۆ کارەکانی پەرلەمان پەکخراوە، ئەندامانی پەرلەمان هەڵبژێردراوی کۆمەڵانی خەڵکن، بۆیە دەبێت نوێنەرایەتیی خەڵک بکەن لە پەرلەمان".
بەرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لە فراکسیۆنی بەرەی گەل هەڵوێستمان ئاشکرایە کەوا دەبێت پەرلەمان کاری خۆی بکات، بە باوەڕبوونمان بە ڕێزگرتن لە مافی دەنگدەرانمان، فراکسیۆنەکەمان بەشدار دەبێت لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان".
ئەوەش دوای ئەوە دێت، هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بەنوسراوێک داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بۆ سبەی چوارشەممە بەشداری بکەن لە دانیشتنی پەرلەمان، بەڵام هەندێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆکان رەتیانکردەوە و هەندێکیشیان ئامادەیی خۆیان بۆ دانیشتنەکە دەربڕی.