وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان هاتنی تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی ڕاگەیاند.
ئاوێنە: بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بڕی (٨٣٤،٩٢٠،٠٠٠،٠٠٠) هەشت سەدو سی و چهار ملیارو نۆسەدو بیست ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەداوە که هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سەدو بیست ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە. هەروەها بڕی (٤،٤٧٦،٥٤٠،٠٠٠) چوار ملیارو چوار سەدو حەفتاو شەش ملیۆن و پێنج سەدو چل هەزار دیناریشی لە تەمویلی مووچەی ئەم مانگە نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی دوو تێبینی خستووەتە ڕوو:
١. لەبەر ئەوەی کاتی داخڵبوونی پارە بۆ سەر هەژماری وەزارەتەکە کەوتووەتە کۆتایی دەوامی فەرمی، تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق دەەکەوێتە سبەی پێنجشەممە لە کاتی دەوامی فەرمیدا.
٢. هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاودەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکی مووچەخۆران لە ڕێگەی سیستەمی (ACH) لە بانکی ناوەندی عێراق پێویستی بە ماوەی ڕۆژێکی تەواو هەیە، و لەبەر ئەوەی ڕۆژانی هەینی و شەممە پشووی فەرمیی بانکن، تەواوکردنی ڕێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری مووچەخۆران دەەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە.