سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، درەنگانی شەو لە شاری سلێمانی هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەی و هەڕەشەیان لێکردووە، بە مەبەستی دروستکردنی فشار لەسەر بڕیاری بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا.
ئاوێنە: دوای ئەوەی ڕۆژی پێشتر دەنگۆی بەشداریکردنی ناوبراو لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوبووەوە، سارا موحسین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە تا ساتی بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی، بڕیاری کۆتایی نەداوە لەسەر بەشداریکردن لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان.
سەبارەت بە ڕووداوی هەڵکوتانە سەر ماڵی براکەی، ئەو پەرلەمانتارە نووسیویەتی: "واتای چییە بەم درەنگانی شەوە هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی داویانە بەسەر ماڵی براکەمدا؟ دوای تەلەفۆنکردنی براکەم کە پێی وتم نەکەی بەشداری بکەیت ژیانم لە مەترسیدایە، مۆبایلەکەیان لێ وەرگرت."
سارا موحسین ڕەخنەی توند ئاراستەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە دەکات و دەپرسێت: "ئەمە چ هەڵسوکەوت و ویژدانێکە بۆ حیزبێکی بەناو مۆدێرنی دیموکراسی؟" هەروەها هۆشداری دەدات لە پاراستنی سەلامەتیی گیانی براکەی و دەڵێت: "دڵنیابن یەک تاڵە مووی سەری براکەم ئازاری پێ بگات، کە من هێشتا لە ناڵەی لەدەستدانی برایەکی دیکەمدا دەژیم، هەرچی خوا پێی ناخۆشە پێتان دەکەم و دادگای عێراق و دنیاتان لێ دەگرم و بێدەنگ نابم."
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەیدا، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی سیاسیی خۆی سەبارەت بە دانیشتنەکانی پەرلەمان خستووەتە ڕوو و ڕایگەیاندووە، ئەگەر بڕیاری بەشداریکردنیش لە دانیشتنەکاندا بدات، بە مانای ملکەچبوون بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی نایەت و هەرگیز نابێتە خۆراکی هیچ حیزب و پڕۆژەیەکی سیاسی.
ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە سەنگەری بەرژەوەندیی گشتی و مافەکانی هاووڵاتییاندا وەستاوە و لێی پاشەکشە ناکات، لەو بارەیەوە دەڵێت: "هاوپەیمانیی من لەگەڵ مافەکانی گەلە نەک لەگەڵ حیزب و دەسەڵات، زەمەن و کاتیش قسەکانم پشتڕاست دەکەنەوە. نە بە تەمای دەسەڵاتم و نە بەدوای ڕەزامەندیی حیزبەکاندا دەگەڕێم؛ من بۆ نوێنەرایەتیی گەل هاتووم و تەنها لە بەرامبەر گەلدا بەرپرسم نەک هیچ حیزب و لایەنێک، جگە لە خودا و خێزانەکەشم لە هەموو کەس بێمنەتم و بێمنەت دەبم."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سارا موحسین بانگەوازێک ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و نێودەوڵەتییەکان دەکات و داوا لە لایەنەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کونسوڵخانەی وڵاتان دەکات بێنە سەر خەت، و ڕایگەیاندووە: "دیموکراسییەت لە مەترسیدایە و ئەم کارە دژی ئازادیی ڕادەربڕینە، با ببینن لە شاری سلێمانی چی دەگوزەرێت و چۆن خەریکی هەڕەشە و گوڕەشەن."