ناکۆکیی نێوان نزار ئامێدی و فوئاد حوسێن، قەیرانی دیپلۆماسی لە عێراقدا دروستدەکات
  2026-11-03     

نوێنەرانی ١٠ وڵات هێشتا چاوەڕێن کە بە فەرمی بڕوانامەکانیان بدەنە نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی دەستبەکار بن. بەڵام ئەم پرۆسەیە چەند مانگێکە وەستاوە، بەهۆی ناکۆکیی نێوان سەرۆککۆمار و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

 

ئاوێنە: رۆژنامەی "ئەلعەرەب ئەلجەدید" لەڕاپۆرتێکدا رایگەیاندووە، بەپێی ڕێکار و پرۆتۆکۆلەکان، پێویستە وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتی ڕێوڕەسمی وەرگرتنی بڕوانامەی نوێنەرە نوێیەکان، لەگەڵ سەرۆککۆمار ئامادە بێت؛ بەڵام ناکۆکیی نێوان ئەم دوو بەرپرسە ئەم ڕێوڕەسمەی ڕاگرتووە. ئەمەش وای کردووە نوێنەرە نوێیەکان چەند مانگێک لە هۆتێلی "ڕەشید" نیشتەجێ بن و چاوەڕێی چارەسەربوونی قەیرانەکە بکەن. سەرچاوەی ناکۆکیی نێوان ئەم دوو کەسایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حزبی یەکێتی و پارتی".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم ناکۆکییە کە بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و کاریگەریی لەسەر سروشتی کارکردنی دیپلۆماسی لەناوخۆی عێراق داناوە، دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە نیسانی ڕابردوو. لەو دانیشتنەدا ئامێدی وەک کاندیدی یەکێتیی نیشتمانی بەرامبەر کاندیدی پارتی، فوئاد حوسێن، بەشداریی کرد. لە خولی یەکەمی دەنگداندا ئامێدی ٢٠٨ دەنگی بەدەستهێنا، بەرامبەر ١٦ دەنگ بۆ حوسێن. پاشان ملمـلانێکە گەیشتە خولی دووەم و بە سەرکەوتنی ئامێدی بە ٢٢٧ دەنگ کۆتایی هات.

لەدوای هەڵبژاردنی ئامێدی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، هیچ هەواڵێک لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دوولایەنە لەنێوان ئەو و وەزیری دەرەوە بڵاونەکراوەتەوە. هەروەها هێشتا بڕوانامەی هیچ نوێنەرێکی بیانی وەرنەگیراوە، بەهۆی ئەم ناکۆکییانە و گواستنەوەی کاریگەرییەکانیان بۆ هەماهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزارەتی دەرەوە، لەبارەی تەواوکردنی ڕێوڕەسمە دیپلۆماسییەکان.

بەپێی سەرچاوە سیاسییە عێراقییەکان، فوئاد حوسێن خۆی لە ئامادەبوون لەکاتی دیاریکراوی ڕێوڕەسمەکان لە کۆشکی سەلامی تایبەت بە سەرۆککۆمار دوور دەگرێت. ئەم سەرچاوانە بۆ رۆژنامەکەی ڕوونکردووەتەوە کە "نوێنەرانی وڵاتانی تایلەند، کەنەدا، سویسرا، مالیزیا، ئەلبانیا، چین، فەرەنسا، میسر، قوبرس و ئیستۆنیا بڕوانامەکانیان پێشکەش نەکردووە، چونکە هێشتا چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی نێوان نزار ئامێدی و فوئاد حوسێن نەدۆزراوەتەوە".

ئیڤان فائق، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پەرلەمانی عێراق وتی "ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتووەتە بواری پەیوەندییە دەرەکییەکان و پرۆتۆکۆل، ئێستا هەڕەشەکان ئەوەن عێراق بخرێتە قەیرانێکی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی نوێنەرەکانیان چاوەڕێی تەواوکردنی ڕێکارەکانی پەسەندکردنی پلەی دیپلۆماسییانن. نابێت ئەم بابەتە بەستراوە بێت بە هەڵوێستی حزبی یان پەیوەندیی نێوان وەزیری دەرەوە و سەرۆککۆمار".

وتیشی "نامەیەکی فەرمیم بۆ وەزیری دەرەوە ناردووە، بۆ پرسیارکردن لە هۆکاری ئامادەنەبوونی لە ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی بڕوانامەی نوێنەرەکان؛ بەڵام بێ وەڵام بووە. هەروەها نامەشم بۆ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، ناردووە و چاوەڕێی دەستوەردانی ئەوین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە".

هەر بەوتەی ئیڤان "بەردەوامبوونی ئەم دۆخە واتە ڕاگرتنی پەسەندکردنی نوێنەرانی وڵاتان دەگەیەنێت، کە زیان بە پەیوەندییەکانی عێراق دەگەیەنێت و دامەزراوەکانی دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە. وەزیری دەرەوە پێشنیازی کردووە جێگری وەزارەت لەبری ئەو ئامادە بێت، بەڵام سەرۆکایەتیی کۆمار ئەمەی ڕەتکردووەتەوە و داوای ئامادەبوونی وەزیرەکەی کردووە، تا ئەو کاتەی لە پۆستەکەدایە و ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات. بەم شێوەیە سەفیرەکان لەنێوان ئەم دوو هەڵوێستەدا گیرۆدە بوون؛ هەندێکیان لە هۆتێلی ڕەشید چاوەڕێن، لەکاتێکدا داوای چارەسەرێک دەکەن کە ڕێگەیان پێ بدات ڕێکارەکانیان تەواو بکەن و دەست بە کارەکانیان بکەن".

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ڕێکارەکانی پێشوازی لە نوێنەرەکان دوو قۆناغی جیاوازیان هەیە؛ لە قۆناغی یەکەمدا کۆپیی بڕوانامەکانیان پێشکەشی وەزارەتی دەرەوە دەکەن، پاشان بەڕێوەبەرایەتییەکانی پرۆتۆکۆل لە وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکایەتیی کۆمار، کاتی پێشکەشکردنی بڕوانامە فەرمییەکان بە سەرۆککۆمار دەدەن.

ڕۆژنامەی "ئەلعەرەب ئەلجەدید" پەیوەندی بە سەرچاوە عێراقییە ئاگادارەکانەوە کردووە. ئەو سەرچاوانە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە "سەرۆککۆمار ڕازی نییە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی بڕوانامەی نوێنەرەکان بەبێ ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە ئەنجام بدرێت، چونکە ئەمە شەرمەزارییەکی گەورە بۆ عێراق لەبەردەم ئەو وڵاتانە دروست دەکات کە نوێنەرەکانیان ناردووە". ئەوان ڕوونیان کردووەتەوە کە "هەوڵی ناوبژیوانی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکە و ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە لە سەرۆکایەتیی کۆمار و تەواوکردنی پرۆسەی پەسەندکردنی نوێنەرە نوێیەکان".

هاوکات، سەرچاوەکان پێیان وایە کە "پۆستی وەزیری دەرەوە پۆستێکی فیدراڵییە و نوێنەرایەتیی عێراق و هاوڵاتییەکانی دەکات، بۆیە نابێت لەژێر کاریگەریی هەڵوێستی حزبی و کەسی بێت".

لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە کە "وەزیر و وەزارەتەکەی کارەکانیان لەگەڵ نوێنەرە نوێیەکان تەواو کردووە و ناوبراو بەردەوام لە گەشتدایە. دەتوانرێت پرۆسەی پەسەندکردنی نوێنەرە نوێیەکان بە ئامادەبوونی جێگری وەزیر یان بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە تەواو بکرێت". بەڵام، بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە، سەرۆکایەتیی کۆمار ئەم شێوازە ڕەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر ئامادەبوونی وەزیری دەرەوە دەکات.
 

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×