بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "ئەلمەدا"، ئەو گۆڕانکارییانەی لە بازاڕەکانی عێراقدا دەگوزەرێن تەنها لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بۆ سەروو ١٥٠٠ دینار کورت نابنەوە. ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە لە کاتێکدا بازاڕەکان تازە دەستیان بە گونجاندن کردووە لەگەڵ نرخی نوێی دۆلاردا، حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی نهێنی ئامادەکاری بۆ هەنگاوێکی هەستیارتر دەکات، کە ئەویش گۆڕینی دراوی نیشتمانی و پرۆسەی لابردنی سفرەکانێتی.
ئاوێنە: لە ڕاپۆرتەکەدا و بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان، ئاماژە بەوە کراوە کە پێدەچێت ئەم پرۆسەیە لە چەند مانگی داهاتوودا، یان لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەستپێبکات، بە جۆرێک کە لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٧ تێپەڕ نەکات. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوەش بەپێی سەرچاوەکان، بریتییە لە کۆنتڕۆڵکردنی بڕی نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار کە گومان دەکرێت لەلایەن کەسانی تێوەگلاو لە گەندەڵییەوە کۆکرابێتەوە و هەڵگیرابێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە پرۆسەکە بە شێوەیەکی تەمومژاوی و دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان بەڕێوەدەچێت.
لەلایەکی دیکەوە، هەواڵەکە تیشک دەخاتە سەر مەترسییەکانی ئەم گۆڕانکارییە، بە جۆرێک کە ڕەنگە ئەم پڕۆسەیە کات و دەرفەتێک بە خاوەن پارە نایاساییەکان بدات تا لەو ماوەیەدا سامانەکانیان ساغ بکەنەوە. ئەمەش لە ڕێگەی کڕینی دۆلار، وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرە، یان گۆڕین و گواستنەوەی پارە کاشەکانیان بۆ جۆرە سامانێکی دیکە کە دواتر دۆزینەوە و بەستنەوەیان بە سەرچاوە نایاساییەکەوە قورس بێت.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا باس لە کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەم هەنگاوانە کراوە لەسەر بودجەی گشتی. بەپێی پێشبینییەکان، نرخی نوێی ئاڵوگۆڕی دراو دەبێتە هۆی گەڕانەوەی نزیکەی ٢٠ تریلیۆن دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت. ئەم داهاتە زیادەیەش وەک هەوڵێک دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوە و کەمکردنەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا دروست ببێت، کە قەبارەکەی بە نزیکەی ٦٥ تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت.