ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی، حەوتەمین دانیشتنی پرۆسەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و ١٢ دەستگیرکراوی دیکەی رووداوەکەی لالەزار بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا کە تایبەت بوو بە رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتەکان، سەرجەم دەستگیرکراوان تۆمەتەکانیان رەتکردەوە. بەپێی زانیارییەکانیش، لاهور شێخ جەنگی لەبەردەم دادوەردا داوای کردووە پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەیان خێراتر بکرێت و دەستگیرکراوان لەوە زیاتر لە زینداندا نەهێڵرێنەوە.
ئاوێنە: دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە وردەکارییەکانی دانیشتنەکە رایگەیاند، ئەمڕۆ دادگا بە فەرمی تۆمەتی ئاراستەی هەر ١٢ دەستگیرکراوەکە کرد و سەرجەمیان تۆمەتەکانیان رەتکردەوە. ئاماژەی بەوەشدا کە لەبەر ئامادەنەبوونی لائیحەی داواکاری گشتی، دانیشتنەکە بۆ پێنجشەممەی داهاتوو دواخراوە، تیمی پارێزەرانیش چاوەڕێن لە هەفتەی داهاتوودا لائیحەی خۆیان پێشکەش بکەن.
وتەبێژی تیمی پارێزەران باسی لەوەشکرد کە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ لە قۆناغەکانی کۆتایی دادگاییکردنەکە نزیک بووەتەوە و دۆسیەکە گەیشتووەتە قۆناغی لائیحە و تۆمەتەکان. ئەو تێبینی و داواکارییانەشی کە پێشتر پێشکەشی دادگای تاوانەکانی/٢ کرابوون، ئەمڕۆ لەلایەن دادگاوە خوێندراونەتەوە. بڕیارە لە دانیشتنی هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی تۆمەتەکان بخوێندرێنەوە، بێ ئەوەی تا ئێستا روون بێت بڕیار و سزاکانی دادگا چۆن دەبن.
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان و جۆری دۆسیەکان، دانا تەقیەدین روونیکردەوە کە دادگاییکردنەکەی ئەمڕۆ تایبەت بووە بەو دۆسیەیەی کە بەپێی ماددەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی رێکخراوە. بەڵام دۆسیەی تایبەت بە ماددەی ٤٠٦ کە پەیوەستە بە کوشتن و ٢٢ کەسی تێدا دەستگیرکراوە، بۆ رێکەوتی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دواخراوە.
لەکۆتاییشدا، وتەبێژی پارێزەران جەختی لەوە کردەوە کە هەر بڕیارێک لەلایەن دادگای تاوانەکانی سلێمانییەوە دەربچێت، ئەوان لە رێگەی دادگای پێداچوونەوە (تەممیز)ەوە تانەی لێ دەدەن.
رۆژی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بەمەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن، چوونە سەر بارەگای بەرەی گەل لە هۆتێل لالەزار و ماڵی لاهور شێخ جەنگی. داواکرا ناوبراو خۆی رادەست بکات، بەڵام بەهۆی رادەستنەبوونەوە، گرژی و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لێکەوتەوە و لە ئەنجامدا لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی دەستگیرکران. بەهۆی ئەو پێکدادانانەشەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا، کە سێ کەسیان لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆ بوون.