لە بڕیارێکی نوێدا کە ئاراستەی سەرجەم بانکە باوەڕپێکراوەکان، کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو کراوە، بانکی ناوەندیی عێراق گۆڕانکاری لە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی ڕاگەیاند. ئەم بڕیارەش لە دەستپێکی کاتی دەوامی فەرمی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاوێنە: بەپێی گشتاندنەکەی بانکی ناوەندی، پێکهاتەی نرخە نوێیەکان بەم شێوەیە دیاریکراون:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: ١٥٠٠ دینار بۆ هەر یەک دۆلار.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: ١٥١٠ دینار بۆ هەر یەک دۆلار.
نرخی کۆتایی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتیان: ١٥٢٠ دینار بۆ هەر یەک دۆلار (واتە ١٥٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک).
هاوکات، بانکی ناوەندی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە سەرجەم دامەزراوە دارایییەکان دەستبەجێ ئەم نرخە نوێیانە لە مامەڵە و سیستەمە بانکییەکانیاندا جێگیر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێنمایی دراوە کە سەرجەم کەناڵەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی نوێبکرێنەوە، گشت لقەکان ئاگادار بکرێنەوە، و مامەڵەکردن بە نرخەکانی پێشووەوە بەتەواوی ڕابگیرێت.
لە لایەکی دیکەوە، پێشوەختە و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پێشبینییەکان سەبارەت بەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە جووڵەیەک لە بازاڕە نافەرمییەکانی دراودا دروست بوو. ئەم پێشهاتانە وایانکردووە کە بەهای دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، بە جۆرێک ئەمڕۆ نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە کاتی مامەڵەکردندا گەیشتووەتە ١٦٢ هەزار و ٨٥٠ دینار عێراقی.