وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان لەبارەی مامەڵەی خانەنشینان زانیاری دەخاتە ڕوو و دەڵێت” ئەوانەی مامەڵەکەیان تەواو دەکرێت، مووچە هەموو ئە مانگانە پێکەوە وەردەگرن کە وەریاننەگرتووە”.
ئاوێنە: سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، بەمیدیای پارتی ڕاگەیاندووە، زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، چوار مانگە نە وەکو فەرمانبەر و نە وەکو خانەنشین هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی مامەڵەی خانەنشینبوونیان تەواو نەبووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کارمەندانەی مامەڵەی خانەنشینان بەڕێوەدەبەن ژمارەیان کەمە و ئەگەر بەم شیوەیە بەردەوام بێت، تا کۆتایی ئەم ساڵ مامەڵەی هەموو خانەنشینان تەواو ناکرێت.
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان، وتەبێژەکە رایگەیاند، هۆکاری دواکەوتن و پێنەدانی مووچەی خانەنشینان تەواونەبوونی مامەڵەکانیانە، تاوەکو مامەڵەکانیشیان تەواو نەکرێت مووچە وەرناگرن.
ڕوونیشیکردۆتەوە،”لە تەواوی هەرێمی کوردستان ئەم مانگە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی هەزار و 600 مامەڵەی خانەنشینان تەواو کراوە”.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، 164 هەزار خانەنشینی شارستانی و 148 هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.