فوئاد حسێن: ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج
  2025-03-22       2280       
وەزیرانی دەرەوەی عێراق‌و ئێران

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە عێراق بەشێک نییە لەمیحوەری مقاوەمەو یەکڕیزی بەرەکان قبوڵ ناکات‌، ئەو دەڵێت "ئەگەر ئێران لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج".

 

ئاوێنە: فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند بەغدا بەشێک نییە لەو بەرەیەی کە بە"بەرەی مقاوەمە" ناودەبرێت‌و کردەوەی گروپە چەکدارەکانی عێراق لەبەرگریکردن لەفەلەستین بێهودە بوو، ئەو وتی "دەستووری عێراق هەر جۆرە پێکهاتەیەکی چەکداری لەدەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوەی سەربازی فەرمی قەدەغە کردووەو ڕێگە نادات بەبڕیاری تاکەکەسی شەڕ لەدژی هیچ کەسێک ئەنجام بدرێت".

وتیشی "ئەوەی گروپە چەکدارە عێراقییەکان چەند مانگێک لەمەوبەر کردیان، زیانێکی زۆری بە عێراق گەیاندو هیچ سوودێکیشی بۆ پرسی فەلەستین نەبوو".

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کەبیرکردنەوە لەبەرژەوەندییەکانی عێراق لەپێش هەموو شتێکەوەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی ئەمریکا هەڕەشەی ڕوون و ئاشکرای کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە بەعێراقیشەوە، ئەو وتی "ئەمریکا هۆشداری دەداتە عێراق لەهاوردەکردنی وزە لەئێرانەوەو ئەمریکییەکان لەکۆبوونەوەیەکی فەرمیدا لەپاریسی پایتەختی پایتەختی فەرەنسا پێیانوتم کە هیچ مۆڵەت درێژکردنەوەیەک لەو مەسەلەیەدا نییە".

پێشبینیشی کرد، هاوینی داهاتوو عێراقییەکان ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەخت ببنەوە، بەهۆی کەمیی کارەباوە.

فوئاد حسێن هۆشداری ئەوەشی دا کە ئەگەر ئێران نەتوانێت لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتن، ئەوا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێتە ئامانج، ئەو وتی "ئەمەش مانای ئەوەیە کە کارەسات بەسەر عێراق‌و ناوچەکەدا دێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×