لەسەر موچەو تەوتین، سكاڵا لەسەر سودانی، مەسرور بارزانی، تەیف سامی و ئاوات شێخ جەناب تۆماركرا
  2025-03-22       676       

لەسەر دواخستنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و تەوتین نەكردنی لە بانكە حكومییەكانی عێراق، سكاڵای یاسایی لە سەر هەریەكە لە محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم، ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی عێراق و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لە دادگای كەرخ تۆماركراو داوا دەكرێت بەپێی ماددەی 329ی یاسای سزادانی عێراقی، سزا بدرێن.

ئاوێنە: سكاڵاكە لەلایەن هەریەكە لە رەعد رەفعە، مامۆستا لە زانكۆی سەڵاحەدین و ئاكۆ محەمەد مەحمود، مامۆستا لە سلێمانی لە دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخ لە بەغدا تۆماركراوە.

سكاڵاكە لەدژی هەریەكە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم تۆماركراوە، بەهۆی ئەوەی پابەند نەبون بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی عێراق لە وادەی خۆیدا و هەروەها تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانكە حكومییەكانی عێراق.

سكاڵاكاران ئاماژەیان بەوەداوە، وێڕای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەڵام تاوەكو ئێستا هەردو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم پابەندنەبون بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی و لە ئاكامی ئەوەشدا سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم تاوەكو ئێستا موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردویان وەرنەگرتوەو موچەی مانگەكانی ئەمساڵیشیان بەشێوەیەكی رێكوپێك و هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق وەرنەگرتوە.

سكاڵاكاران هەریەكە لە مەسرور بارزانی و ئاوات شێخ جەناب-یان تۆمەتباركردون بەوە كە ئەركەكەی خۆیان قۆستۆتەوە بۆ پەكخستنی بڕگەكانی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بەوەی كە دەستیان بەسەر موچەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێمدا گرتوەو بەپێچەوانەی یاساو بەناهەق خەرجكردنی موچەیان دوا خستوە.

سكاڵاكاران لە سكاڵاكەیاندا هەریەكە لە سودانی و تەیف سامی-یان تۆمەتبار كردون بەوەی كە ئەركەكەی خۆیان قۆستۆتەوە بۆ پەكخستنی ئەو بڕگەیەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە ئاماژە بە تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە بانكە فیدراڵییەكان و بەپێچەوانەی ئەوەوە هەڵساون بە ناردنی موچە بۆ ئەوانەی شایستەی نین و موچەیان رادەستی حكومەتی هەرێم كردوەو ئەویش نەیداوەتە موچەخۆران.

هەروەها لە سكاڵاكەدا هاتوە، لەسۆنگەی ئەوەی كە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پابەندكەرن و دەبێت جێبەجێ بكرێن بەگوێرەی دەستور و هەروەها بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی راگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكان، تاوانە و ئەو تاوانەش بەرامبەر توێژێكی فراوانی كۆمەڵگە كراوە كە فەرمانبەرانن و تاوانەكەش لەلایەن كەسانەێكەوە كراوە كە خاوەن باڵاترین پۆستەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردنن لە دەوڵەتدا، بۆیە چارەسەركردن ئەم پرسە، دەبێتە وانەیەك بۆ ئەوانەی لەدوای ئەم بەرپرسە باڵایانە دێن.

سكاڵاكاران داوایان لە دادگاكە كردوە، ئەو رێكارە یاساییانەی كە لە یاسای سزادانی عێراقیدا هاتون لەدژی هەریەكە لە سودانی و مەسرور بارزانی و تەیف سامی بگیرێنەبەر بەتایبەت ئەو رێكارانەی كە لە بڕگەی یەكەمی ماددەی 329ی یاساكە یاخود لە هەر ماددەیەكی دیكەی یاساكەدا هاتون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×