ئەو گەنجانەی لەپێناوی بژێویی ژیاندا شەو تا بەیانی ناسرەون
  2025-03-21       1080       
لەکاتژمێر ٦ی ئێوارەوە تا کاتژمێر ٤ی بەیانی بەدیار فرۆشتنییەوە بەپێوەم

ئا: محەمەد هاوژین

 

ژمارەیەک لەگەنجانی شارەکانی کوردستان‌، لەچەند شوێنێکی ناو شاردا کە تا درەنگانێکی شەوو تاریک‌و روونی بەرەبەیان قەرەباڵغییان لێنابڕێت، بەپێوەن‌و ناسرەون بۆ ئەوەی بژێویی ژیانیان دابین بکەن. گەنجێک دەڵێت "کە بەرەبەیان دەڕۆمەوە ئەوەندە شەکەت‌و ماندووم خەریکە بەپێوە خەوم لێدەکەوێ".

"١٠ کاتژمێرە بەدیار ئەم مقەڵییەوە بەپێوەم‌و خەریکی کەباب‌و گۆشت‌‌و پەراسوو برژاندنم، خەریکە پشتم بەردەبێتەوەو بەپێوە خەوم لێدەکەوێت".

ئەمە وتەی رەیانی کەبابچییە، کە تەمەنی ٢٦ ساڵەو لەبەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانی دوای کارکردنێکی زۆرو بە بەردەوامی گەشاندنەوەی ئاگری ناو مقەڵییەکەی بەردەمی‌و برژاندنی شیشە کەباب‌و گۆشت بۆ کڕیارەکانی، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان لەتاو شەکەتی‌و بێخەویی چاوی هەڵنایەو بەو هیلاکییە خەریکی کۆکردنەوەی وەچاخ‌و کەلوپەلەکانیەتی‌و دەیەوێت پاش ١٠ کاتژمێر کارکردن‌و بەپێوە  بڕواتەوە ماڵێ‌و پشووییەک بدات.

رەیان بەئاوێنەی وت "لە٢٠١٤ەوە ئەمە ئیشمە، بەشی ژیانی خۆمم دەستدەکەوێ‌و رازیم".

وتیشی "بەپێچەوانەی زۆربەی ئەوانەی بەشەوان ئیش دەکەن‌و هاوینانیان لا خۆشترە بۆ ئیشکردن تا زستان، ئێمەو مانان کە لەبەر گڕی ئاگرو مقەڵی‌ ئیش دەکەین، زستانمان لا خۆشترە، وەرزی گەرماو هاوینان لەبەر ئەم گڕی ئاگرە دەبرژێین".

 

لەناو شاری سلێمانی چەند شوێنێکی دیاریکراو هەن کە تا شەوێکی درەنگ جمەیان دێت‌و قەرەباڵغییان لێنابڕێت، وەک سەهۆڵەکەو بەردەم مزگەوتی گەورەو بەشێک لەشەقامی گۆران، چەندین گەنج لەم شوێنانە دەبینی بەدرێژایی شەو بەردەوام خەریکی ئامادەکردنی خواردن‌و خواردنەوەو فرۆشتنی چەند جۆرێک لەکەلوپەلن بەو کڕیاڕانەی ڕوو لەو شوێنانە دەکەن.

رێژوانی تەمەن ٣٢ ساڵ، لەنۆکاوی مەریوان کە یەکێکە لەنۆکاوە ناودارەکانی سلێمانی‌و لەسەر عەرەبانەیەک لەبەر سینەماکان دەفرۆشدرێت، لەخۆرئاوابوونەوە کە ئیشەکەیان دەستپێدەکات بەردەوام خەریکی تێکردنی قاپە نۆکاوو دروستکردنی لەفەیە بۆ کڕیاڕەکانی‌، ئەو بەئاوێنەی وت "ئیشەکەمان دوو شەفتە، بەشێکمان لەکاتژمێر ١١ی بەیانییەوە تا ٦ی ئێوارە سەرو کاری لێنانی نۆکاوەکە دەکەین، بەشێکیشمان لەکاتژمێر ٦ی ئێوارەوە تا کاتژمێر ٤ی بەیانی بەدیار فرۆشتنییەوە دەبین".

وتیشی "من کە لەساڵی ٢٠١٧ەوە خوێندنی ئامادەیی پیشەسازییم تەواو کرد تا ئێستا خەریکی ئەم کارەم لەبەرئەوەی مەریوان خۆی خاڵم بوو، ئەگەر ئەم ئیشە بژێویی ژیانی مسۆگەر نەکردمایە نەمدەکرد".

 

لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی قەیرانی دارایی‌و دواکەوتنی مووچەوە بەشێکی زۆری گەنجان لەپێناو دابینکردنی بژێویی ژیانیاندا ئامادەن شەو تا بەیانی بەپێوە ئیشی قورس بکەن‌و شەونخومنی بکێشن‌.

رەهەند، تەمەنی ٣٢ ساڵەو خاوەنی خێزان‌و دوو منداڵە، کاری چایچێتی دەکات ئاماژە بەوە دەکات هەموو رۆژێک لەدنیا تاریک بوونەوە تا کاتی پارشێو کار دەکات، ئەو ئاماژە بەوە دەکات رۆژ بەڕۆژ پێداویستییەکانی ژیان زۆترو بەدەستهێنانی هەلی کاریش کەمتر دەبێت، بۆیە زۆرێک لەگەنجان‌و خێزانەکان ناچارن بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان شەو تا بەیانی کار بکەن، ئەو بەئاوینەی وت "کاری شەوان زۆر قورسترە بەراورد بەکاری رۆژ، بەتایبەتی هەندێک ئیش کە بەردەوام ئەبێت بەپێوە بیت‌و بێیت‌و بچیت‌و نەسرەویت، کە دەڕۆمەوە ئەوەندە شەکەت‌و ماندووم خەریکە بەپێوە خەوم لێدەکەوێت".

وتیشی "ژیانەکە ئەوەندە ناخۆش بووە وایلێهاتووە هەرچییەکت دەستکەوێت هەر کەمەو بەشت ناکات، بەتایبەتی کە ژن‌و منداڵت هەبێت".

 

لەم شوێنانەدا هەرچی پێداویستی بنەڕەتی ژیانە دەستدەکەوێت‌و دەفرۆشرێت‌و هەر یەکەو بەکارێکەوە خەریکەو ئەو شوێنانە پڕن لەچافرۆش، نۆکاو فرۆش، لەفە فرۆش، پێڵاو فرۆش، سەعات فرۆش، ئاو فرۆش، میوە فرۆش، سیدی فرۆش، فانیلەو تیشێرت‌و کاوبۆو گۆڕەوی‌و شۆرت فرۆش، شێلم فرۆش، پاقلەو قاورمە فرۆش.

محەمەد کاوەی تەمەن ٣٠ ساڵ، کە فانیلەو شۆرت دەفرۆشێ لەسەر عەرەبانەیەک بەرامبەر مزگەوتی گەورە،و وەک زۆربەی فرۆشیارەکانی دیکە شاگردەو عەرەبانەو کەلوپەلەکانی هی خۆی نییە، خەمی گەورەی ئەوەیە کە دنیا سەرما نەبێ‌و باو باران لێی نەدات، ئەو وتی "بۆ ئیشەکەی من هاوینان زۆر خۆشترە تا زستان، چونکە زستان زۆرجار باو بارانێک لێتدەدات نەخۆش دەکەویت‌و قوەگ ئێشەو سەریەشە ئیبادەت ئەکات، چەند رۆژیک لەمەوبەر کە زۆر سارد بوو واملێهات".

وتیشی "شەوان تا کاتژمێر ٢ دەمێنمەوە، بۆ فرۆشتنیش شەو کەوتووە، شەوی وایە فرۆشم باشە، شەوی واشە زۆر خراپە، لەم شەوانەدا هەر هیچم دەستنەکەوت، عەرەب نەبێ کێ شت دەکڕێ؟!".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×