ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەبەوەدەكات نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كراوە، تێدا داوای بۆچوونیان دەكرێت لەبارەی خەرجكردنی مووچەی 100 هەزار بۆ خانەنشینان.
ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بەنووسراوی ژمارە (٩١٣/د) داوای 100 هەزاری باشكردنی بژێویم ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد تا ئەو بڕیارە خانەنشینانی هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بە دوو بڕیار 100 هەزار دیناریی دەدرێت بەخانەنشینان، یەكەمیان لە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق هەیە بۆ ئەوانەی مووچەكانیان كەمترە لە 500 هەزار، ئەمە جێبەجێ كراوە و بەردەوامە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، دووەمیان بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ ئەوانەی مووچەكانیان كەمترە لە ملیۆنێك دینار، ئەم 100 هەزارەیان ئێستە تەنیا خانەنشینانی عێراق وەریدەگرن بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، بۆیە داوام كردووە ئەو 100 هەزارە خانەنشینانی هەرێمیش بگرێتەوە.