ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان: رۆڵی سەرەکیمان هەبووە لەکوژرانی جێگری خەلیفەی داعش
  2025-03-14       279       

دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی عێراق کوژرانی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی ناسراو بە(ئەبو خەدیجە) راگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئێمە  رۆڵی سەرەکیمان هەبووە لەکوژرانی جێگری خەلیفەی داعش".

 

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەیینی ١٤ی ئازار، محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەتۆڕی ئێکس رایگەیاند "تیرۆریست عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رەفیعی، ناسراو بە ئەبوو خەدیجە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بە هاوئاهەنگیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کوژرا، کە جێگری خەلیفەی هەبووە و والی عێراق و سووریا بووە، هەروەها بەرپرسی لیژنەی راسپێردراو و بەرپرسی نووسینگەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوە بووە، یەکێک بووە لە مەترسیدارترین تیرۆریستەکانی عێراق و جیهان".

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو رەخنەی لەراگەیاندراوەکەی سودانی گرت‌و لەروونکردنەوەیەکدا رایگەیاند "سودانی ئاماژەی بە رۆڵی سەرەکیی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نەکردووە لەکوشتنی جێگری خەلیفەی داعش، کە دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، ئەو سەرکردەیەی داعش کوژراوەو باس نەکردنی رۆڵی ئەوان لەو ئۆپەراسیۆنە ئاماژەیەکی باش نییە بۆ ئاسۆی هاوکاریی دامودەزگانی هەرێم و فیدراڵ".

راشیگەیاند "دامودەزگاکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەریان لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەم ناوچەیەدا هەبووە و هەرواش بە کارایی لەم ئەرکەی بەردەوام دەبێت، باشترە حکومەتی فیدراڵیش زەمینەیەکی لەبارتری هاوکاری و هاوئاهەنگی بڕەخسێنێت لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی سەرانسەری عێراق".

 

ئەبو خەدیجە کێیە؟

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەحوزەیرانی ٢٠٢٣دا دوو لەسەرکردە باڵاکانی داعش بەناوەکانی عەبدوڵڵا مەکی موسڵیح رفیعی‌و ئەبوبەکر میناقی وەک تیرۆریست دەستنیشانکرد.

عەبدوڵڵا مەکی موسلیح، ناسراو بە"ئەبو خەدیجەی عێراقی"، دوای ئەوەی ئەبو یاسر ئەلعیساوی (خەلیفەی پێشووی داعش لەعێراق) لەئۆپەراسیۆنێکدا لە کۆتایی مانگی یەکی ساڵی 2021 لەباشووری کەرکوک کوژرا، وەک خەلیفەی داعش دەستنیشانکرا.

عەبدوڵڵا مەکی لەگەنجیەوە پەیوەندی بەگروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کردبوو. پێشتر بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرابوو، لەزیندانی تەسفیراتی شاری تکریت بوو، بەڵام لەساڵی ٢٠١٢ لەزیندان هەڵهات.

کاتێک داعش سوپای خەلافەتەکەی پێکهێنا، روفیعی پەیوەندی بەفیرقەی قادسیەوە کرد، کە یەکێک بوو لەنۆ فیرقەی سەربازیییەکەی داعش، بنکەکەی لەپارێزگای دیالە بوو، وەک فەرماندەی پۆلیسی سەربازی لەم فیرقەدا هەڵبژێردرا.

دواتر سەرکردایەتی داعش عەبدوڵڵا مەکی روفیعی وەک جێگری خەلیفەی داعش لەپارێزگای دیالە دەستنیشانکردو دواتریش وەک خەلیفەی دیالە، پێش کوشتنی ئەبو یاسر ئەلعیساوی جێگری خەلیفەی عێراق بووە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×