لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەلی رایدەگەیەنێت، لە روانگەی ئەمریكاوە سلێمانی بەشێكە لە بەرەی مقاوەمەو ئەمریكا وەك ماشێنێكی دابینكردنی پارە سەیری عێراق دەكات و دەشڵێت، گۆڕانكاریی لە عێراق و سزای ئەمریكا بۆ سەر وڵاتەكە بەڕێوەیە و پێشی وایە مەحاڵە هەسە چەك رادەستی سوریا بكات.
ئاوینە: لاهور شێخ جەنگی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی دیجلەی عێراق، لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان قسەی كرد.
"سزای ئەمریكا بۆ سەر عێراق بەڕێوەیە"
لاهور شێخ جەنگی لەبارەی دۆخی عێراق رایگەیاند، كێشەی حەشدی شەعبی و كێشە ئەو هێزانەی كە بە هێزی دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت دادەنرێن دەبێت چارەسەر بكرێت. وتیشی"من شانبەشانی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەشداری شەڕی داعشم كردوەو شانازی بەوەوە دەكەم. حەشدی شەعبی بە فەتوای سیستانی بۆ ئامانجێك دروستكرا، بەڵام ئێستا ئەمریكا جارێكی دیكە رێگەنادات هیچ هێزێك ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی لە كەنداو و ناوچەكە. ئەمە ڕونە، چونكە لە رابردودا چەندین هەڕەشەمان بینیوە بەرامبەر بەو دەوڵەتانە."
لاهور شێخ جەنگی راشیگەیاندوە، پەیامی ئەمریكییەكانم گەیاندە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، هەرچەندە پەیامەكە راستەوخۆ نەبوە، بەڵام هاوڕێی زۆرم هەن لە ئیدارەی نوێی ئەمریكاو بە راشكاوی پێیان وتم، ئەم چەند شتە رودەدەن، منیش ئەو شتانەم بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق گواستنەوە. پێموتون ئەگەر لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانەی كە بەڕێوەن خۆمان نەگونجێنین، ئەوا كارەساتێكی گەورە چاوەڕوانی عێراقە.
لەبارەی ئەوەی كە ئەو شتانە چین ئەگەری رودانیان هەیە، لاهور شێخ جەنگی وتی، سزا بەڕێوەن لەدژی كەسایەتی و دامەزراوەكانی عێراق. بۆ نمونە ئەگەر تۆ غاز لە ئێران هاوردە بكەیت لە ئێستادا، ئیدی لەلایەن وەزارەتی كارەبا، یان وەزارەتی نەوت یان سۆمۆوە بێت، ئەوا سزات بەسەردا دەسەپێنرێت. دامەزراوەی ئەمنی هەن رەنگە سزایان بەسەردا بسەپێنرێت، هەندێك بانكمان هەن كە رەنگە سزابدرێن. هەندێك كەسایەتی هەن رەنگە سزابدرێن.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی بەرەی گەلی وتی، گۆڕانكارییەكان لە ناوچەكە بەڕێوەن، دەبێت خوێندنەوەمان بۆیان هەبێت، ئەو گۆڕانكارییانە بۆ نمونە لە لوبنان و سوریا ناوەستن و لەو روداوانەشدا نەوەستان كە لە غەززە رویاندا. پێمانوایە ئەو گۆڕانكارییانە توركیاشیان گرتۆتەوە لەوەدا كە دەبینین توركیا لەبەرامبەر پرسی كورددا كرانەوەی نیشانداوە.
وتیشی، عێراق لەناوەڕاستی ئەم گۆڕانكارییانەدایە، چونكە یەكەم، ململانێیەكی ئیسرائیل و ئێران هەیە لەناوچەكە و دەبێت یەكلایی بكرێتەوە، خۆبەخۆ عێراق راكێشراوەتە نێو بەرەی ئێران و یاخود حكومەتی عێراق تۆمەتبار دەكرێت بەوەی كە لەژێر هەژموی كۆماری ئیسلامی ئێراندایە.
بەبڕوای لاهور شێخ جەنگی، ئیدارەی نوێی ئەمریكا گاڵتە نازانێت، یان سپی دەبینێت یان رەش، چارەسەری مامناوەندی و خۆڵەمێشی نابینێت. بەڕونی دەڵێت، ئێمە دەمانەوێت هەژموی ئێران لەناوچەكە كەمبكەینەوە، لە غەززەو لوبنان و سوریاوە دەستمان پێكرد، ئێستا وەك ماشێنێكی دابینكردنی پارە بۆ ئێران سەیری عێراق دەكرێت، لەم روەوە عێراق پڕیشكی بەردەكەوێت، بۆ نمونە هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبونی ئەمریكا لە عێراق بۆ هاوردەكردنی غازی ئێران، ئەمە سەرەتای كارەكانە.
دۆخی هەرێمی كوردستان
لاهور شێخ جەنگی لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان وتی، لەگەڵ ئەوە نیم هەرێم كوردستان بكرێتە دو ئیدارە. لەگەڵ ئەوەم یەك حكومەت لە زاخۆوە تا كفری هەبێت بەڵام بەبێ جیاوازیكردن و یەك هێزی ئەمنی هەبێت لە هەرێم بۆ مامەڵەكردن لەبەغدا، نەك وەك ئەوەی ئێستا هەیە كە لەلایەن وڵاتانی ناوچەكەوە یارییان پێ دەكرێت.
وتیشی، مەسرور بارزانی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت پەیوەندی پێوە كردم، پێموت، رەنگە من بەشداری لە حكومەت نەكەم، بەڵام یەك داواكارییم هەیە، ئەگەر لەگەڵ یەكێتی حكومەت پێكدەهێنن، دەبێت حكومەتێكی گشتگیر بێت و نابێت لەمەودوا حزب لەبری حكومەت بڕیار بدات كە زیاتر لە 30 ساڵە بەو شێوازە دەڕۆن. ئەگەر دەشتانەوێت بۆ ماوەی چوار ساڵی تر هەر بەو شێوازە بەردەوام بن، ئەوا من یەكەم كەس دەبم لەدژت دەوەستمەوە. بەهیچ شێوەیەك حوكمڕانی بەو شێوازە لە هەرێمی كوردستان قبوڵ ناكەین كە ئەو دو حزبە لەبری دامەزراوە حكومییەكان بڕیار بدەن.
وتیشی، دوای نزیكەی هەفتەیەك لە هەڵبژاردن، بافڵ تاڵەبانی تەلەفۆنی بۆ كردم و داوای دیداری لێكردم، بەڵام داواكەیم بە ئاسایی نەزانی، چونكە شتی زۆر لەنێوانمان رویداوە، خەڵكی سەر بە منیان شەهید كردوە..
دۆخی سلێمانی
لەبارەی ئەوەی كە سلێمانی چۆن توانیویەتی هاوسەنگی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران رابگرێت، لاهور شێخ جەنگی وتی، تۆ پێت وایە لەوەدا سلێمانی سەركەوتو بوە، بەڵام من بە سەركەوتوی نابینم، لە كاتی ئیدارەی دیموكراتەكانی ئەمریكادا بەڵێ وا بو، چونكە دیموكراتەكان خۆیان نەیاندەویست كێشە لەگەڵ ئێران دروست بكەن. بەڵام ئێستا بابەتەكان گۆڕاون رەنگە سلێمانی بە ئاسانی لە دەستی ئیدارەی نوێی ترەمپ دەربازی نەبێت، بەتایبەت لە ئێستادا كە سنوری سلێمانی بۆتە سەرچاوەی قاچاخی هەمو جۆرە كاڵایەك، بۆیە پێموانییە سلێمانی بتوانێت لەمەوبەدوا ئەو هاوسەنگییە رابگرێت.
وتنیشی، ئێستا سلێمانی وەك بەشێكە لە بەرەی مقاومە لەڕوانگەی ئەمریكاوە، بەتایبەت خودی بافڵ تاڵەبانی كە ئەوەی نەشاردۆتەوە. هەرچەندە راستە ئێستا بافڵ تاڵەبانی هەندێك پاشەكشەی هەیە لەوەدا و هەست بە مەترسی دەكات، ئەوە لە قسەكردن و گوتارەكانیدا دەبینم، دەیەوێت هەندێك لایەنگیریی ئەمریكا بكات، بەڵام ئەمریكا زیرەكەو دەزانێت لاهور كێیە و بافڵ-یش كێیەو هەموانیش دەناسێت.
"مەحاڵە هەسەدە چەك رادەست بكات"
سەرۆكی بەرەی گەل لەبارەی دۆخی سوریاوە وتی، ئیسرائیل جارێكی دیكە رێگە بەدروسبونی حكومەتێكی سەربازیی بەهێز لە سوریا نادات كە ببێتە مایەی هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل. ئەم هەویرەی سوریا ئاوی زۆر دەكێشێت، هێشتا سەرەتایە. پێموایە دۆخەكە لە سوریا خراپتر دەبێت. دەستوەردانی توركیا دەبێت و ئێرانیش هێشتا ئامادەیی هەیە لەوێ. ئەحمەد شەرع-یش دەستی بەسەر ئەو هەمو هێزانەدا ناڕوات كە وادەزانرێت لەژێر كۆنترۆڵی ئەودان.
لەبارەی ئەوەی كە ئایا هەسەدە چەك رادەستی ئیدارەی دیمەشق دەكات و زیندانەكانی رۆژاڤا رادەستی دەسەڵاتی نوێی سوریا دەكات، لاهور شێخ جەنگی "مەحاڵە."
وتیشی، ئەوەندەی من بزانم تاوەكو ئێستا ئەمریكا دان بەو ئیدارە نوێیەی سوریادا نەناوە. ئەمریكا زۆر بایەخ بە دۆخی سوریا نادات، بەڵام لە روانگەی ئیسرائیلەوە لێی دەڕوانێت. هەر كاتێك ئیسرائیل پێی وابو حكومەتەكەی ئەحمەد شەرع هیچ مەترسییەك لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست ناكات، ئەو كاتەش ئەمریكا لە سوریا دێتە پێشەوە. ئێستا ئەمریكا وەك چاودێرە بەسەر دۆخی سوریاوە، من باسی ئەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمریكا دەكەم، پێموایە ئەم ئیدارەیە بەهیچ شێوەیەك رازی نەبون بە ناردنی وەفدی ئەمریكی بۆ دیدار لەگەڵ ئەحمەد شەرع كە لەسەردەمی ئیدارەی دیموكراتەكاندا نێردرا.
"مەزڵوم عەبدی پاسپۆرتی عێراقی هەیە"
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لاهور شێخ جەنگی وتی، مەزڵوم عەبدی رەگەزنامەی عێراقی نییە، بەڵام پاسپۆرتی عێراقی بۆ دەركرا بۆ ئەوەی بتوانێت هاتوچۆ بكات. نازانم كێ بۆی دەركردوە، بەڵام رەنگە من یەكێك بم لەوانەی لەوەدا هاوكار بوبم، هەرچەندە ئەوەم بەباشی بیر نییە. من پشتیوانیم كردوە بۆ ئەوەی بتوانێت گەشتی دەرەوەی وڵات بكات و بتوانن بەرگری لەخۆیان بكەن لە سوریا.
ئەوەشی خستەڕو، من هەر لە سەرەتای دروستبونییەوە لەگەڵ هەسەدە بوم. بەر لە هەسەدە من لەگەڵ یەپەگە پەیوەندیم هەبو. من پەیوەندیم لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ دروست كردن، هەروەها ناوی هێزەكانی سوریای دیموكرات"هەسەدە"، بیرۆكەی من بو.