ئەنجومەنی سوریای دیموكرات-مەسەدە، دەستوری كاتیی سوریا بەتەواوەتی رەتدەكاتەوەو دەڵێت، دەستورەكە ستەمكاری بە فۆرمێكی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوەو سیستمێكی حوكمڕانی مەركەزی دەسەپێنێت. داواش دەكات دەستورەكە سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە.
ئاوێنە: مەسەدە كە باڵی سیاسی هەسەدەیە لە رۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، دەستوری كاتیی سوریا كە لەلایەن حكومەتی كاتییەوە پێشكەشكراوە، بەتەواوەتی رەتدەكەینەوە.
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات وتوشیەتی، ئەم دەستورە كاتییە، ستەمكاری بەفۆرمێكی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوە، حوكمڕانی مەركەزی دەسەپێنێت، دەسەڵاتی رەها دەداتە دەسەڵاتی جێبەجێكردن، كاری سیاسی سنوردار دەكات و پێكهێنانی پارتی سیاسی هەڵدەپەسێرێت كە ئەوەش رێڕەوی گۆڕانكاریی دیموكراسی پەكدەحات.
جەختیشی كردۆتەوە، بەتوندی هەر هەوڵێك بۆ بەرهەمهێنانەوەی دیكتاتۆرییەت لەژێر پەردەی "قۆناغی راگوزەر"دا رەتدەكەینەوە و جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی كە هەر راگەیەندراوێكی دەستوری، دەبێت ئەنجامی سازانێكی نیشتیمانیی راستەقینە بێت، نەكە پڕۆژەیەكی سەپێندراوی تاكە لایەنێك.
وتوشیەتی، لەسەر ئەو بنەمایە داوای داڕشتنەوەی راگەیەندراوە دەستورییەكە دەكەین بەشێوەیەك كە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەشێوەیەكی عادیلانە، ئازادیی كاری سیاسی، داننان بە مافەكانی سەرجەم پێكهاتەكان و پەیڕەوكردنی سیستمێكی حوكمڕانی لامەركەزیی دیموكراسی لەخۆبگرێت لەگەڵ دانانی چەند میكانیزمێكی رون بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی راگوزەر.
لەكۆتاییشدا جەختی كردۆتەوە كە سوریا نیشتمانی سەرجەم پێكهاتەكانییەتی و رازی نابن بە بونیادنانەوەی سیستمێكی ستەمكاری.