ئاوات شێخ جەناب: بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم مووچە بۆ ئەمساڵ چارەسەر بوون
  2025-02-17       146       

وەزیری دارایی و ئابووریی حكومەتی كاربەرێكەری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بنەمای رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغداد زۆربەی کێشەکانی مووچەی ئەمساڵ چارەسەرکراون، ئەمەش دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ئەوەی کار لەسەر سەرپێخستنەوەی پرۆژەکان بکرێت.

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی كاربەرێكەری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،  ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی نوێی ئێران لە هەولێر کۆبوویەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران کرد.

وەزیری دارایی هەرێم لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە: لەسەر بنەمای ئەو ڕێكکەوتنەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کراوە بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم مووچە بۆ ساڵی 2025 چارەسەر بوون و ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت کار لەسەر سەرپێخستنەوەی پڕۆژەکان بکات و شایستەی داراییان بۆ دابین بکات.

لە بەرامبەردا فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی بە ڕێکكەوتنی نێوان حکومەتی كاربەرێكەری هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر مووچە دەربڕی و وتی، "کۆماری ئیسلامی ئێران رۆڵی ئەرێنی دەبینێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×