بەرێوەبەرایەتی خۆسەر: ئەو کۆبونەوەیەی کە تێیدا ئەحمەد شەرع بە سەرۆک کۆمار دەستیشانکرا نایاسایی بوو
  2025-02-02       188       

بەرێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەمڕۆ راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوە فراوانەکەی چوارشەممەی رابردووی دیمەشق بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەحمەد شەرع بە سەرۆک کۆمار دەستیشانکرا و، دەڵێت "کۆبوونەوەکە نایاسایی بوو."

ئاوێنە: کۆبوونەوەکە 29ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە دیمەشق بەڕێوەچوو، کە تێیدا "سەرکەوتنی شۆڕشی سووریا" راگەیەندرا و ئەحمەد شەرع، سەرکردەی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) بە سەرۆک کۆماری راگوزەری وڵات دیاریکرا. 

ئەحمەد شەرع لە دوای ئەو کۆبوونەوەیە رایگەیاند، حکومەتێکی راگوزەری فرەلایەن بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی سووریا دروستدەکەن، بەو جۆرەش چارەنووسی ئەو کۆنگرە نیشتمانییەی کە بڕیار بوو بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکرێت، دواخرا. 

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیگەرانیی خۆی لە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەس لە کۆبوونەوەکەدا دەربڕی کە تۆمەتباران بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پێشێلکاریی دژی مافەکانی مرۆڤ، وەک ئەحمەد ئیحسان فەیاز هایس، ناسراو بە ئەبو حاتم شەقرا، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی هەڤرین خەلەف، سکرتێری گشتیی پارتی سووریای داهاتوو؛ هەروەها تۆمەتبار محەممەد جاسم، ناسراو بە "ئەبو عەمشە" کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی چەندین تاوان لە شاری عەفرینی داگیرکراوی رۆژئاوای کوردستان. 

جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئەنجامدانی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە بێ بەشداریکردنی هێزە سیاسی، شۆرشگێر و میلییەکان، بە ناتەواو هەژمار دەکرێت. هەروەها داوا دەکات، کۆنگرەی نیشتمانیی فرە لایەن ببەسترێت بۆ ئەوەی دەستووری نوێی وڵاتەکە بنووسرێتەوە.  

دەشڵێت: "پێویستە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بوار بە هیچ لایەن و کەسێک نەدەن رق و کینە جۆش بدەن و پێکەوە ژیانی گەلی سووریا تێکبدەن."

داواشدەکات، رێگری لەو "وتارە رقهەڵگرە" بکەن کە "نەتەوەیەک یان لایەنێکی دیاریکراو" دەکاتە ئامانج، "کە بەشێوەیەکی زەق لە هەندێ چالاکیدا بەکاردەهێنرێت، وەک ئەوەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە گۆڕەپانی ئەمەوییەکان روویدا."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×