تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاویكردەوە، شەش كاسبكاری كورد لە سنە بەهۆی بەشداریكردن لە مانگرتنی گشتیی دژبە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییە كوردەكانی تردا، دەستگیركران.
ئاوێنە: تۆڕی مافەكانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی چوارشەممەی 22ی ئەم مانگە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتیی کاسبکاران لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییە کوردەکانی تردا، لانیکەم شەش هاوڵاتیی خەڵکی سنە بەهۆی بەشداریکردن لەم مانگرتنەدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیركران.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەشێکی بەرچاو لە بازاڕیان و کاسبکارانی سنەیش دوکانەکانیان داخست و بەشدارییان لە مانگرتنەکەدا کرد. هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکان کە بە ناو شەقامەکانی شاردا بڵاوەیان پێ کرابو، بەشێوەیەکی توندوتیژ لانیکەم شەش کاسبکاری ئەو شارەیان بە ناوەکانی محەمەد سەیفپەناهی، سینا ڕەزایی، ئەمجەد گریاخیز، نەعیم دوستی، ئومێد محەمەدی و محەمەد ئەتڵەسی دەستگیركردون و گواستویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەر لە مانگرتنەكەو لە چەند ڕۆژی ڕابردودا دامودەزگا ئەمنییەکان لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی كوردستان و بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچونی مانگرتنەکە، نوێنەرانی پیشە جیاوازەکانی کاسبکارانیان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردبون ئەگەر بێت و بەشداری لەو چالاکییەدا بکەن شوێنی کارەکانیان دادەخرێن و سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکرێت.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو کراونەتەوە، لە کاتی بەڕێوەچونی مانگرتنەکە لە شارەکانی سەقز و دیواندەرە، هێزە ئەمنییەکان نیشانیان لەسەر کۆمەڵێک دوکان داناوە و ژمارەیەکی زۆریشیان داخستون.
رۆژی چوارشەممە 22ی ئەم مانگە، دوابەدوای بڵاوبونەوەی بانگەوازێک لە لایەن حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنێکی جەماوەری دژ بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانییە سیاسییە کوردەکانی تردا، مانگرتن و ناڕەزایی مەدەنی لە چەندین شاری کوردستاندا بەڕێوەچو.
هاوکات لەگەڵ ئەوەش 35 ژنی زیندانیی سیاسییش لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینی تاران وەک هاوپشتی لەگەڵ ئەم مانگرتنەدا مانیان لە خواردن گرت.