وتەبێژی حكومەتی عێراق لەوەڵامی لێدوانەكەی ئەمڕۆی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا رەتیدەكاتەوە كە نوێنەری حكومەتەكەیان لە پەرلەمانی عێراق كۆسپی دروست كردبێت لە دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دەشڵێت، پێویستە حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان بەگوێرەی یاسای بودجەو بڕیاری دادگای فیدراڵی.
ئاوێنە: باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ئەمشەو پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، جەخت دەكەینەوە لەسەر ئەوەی كە حكومەتی فیدراڵ پابەندە بەو هەموارانەی كە نێردراون بۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی یاسای بودجە.
وتەبێژی حكومەتی عێراق وتوشیەتی كە نوێنەری حكومەتەكەیان لە پەرلەمانی عێراق جەختی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی كە هیچ هەموارێكی دیكە بۆ یاسای بودجە ئەنجام نەدرێت كە پێچەوانەی ئەو دەقانە بێت كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشكەش بە پەرلەمان كراوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، راگەیەندراوەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتدەكەینەوەو جێی سەرسوڕمانە كە بانگەشەی ئەوەی كردوە گوایە نوێنەری حكومەتی فیدراڵ لە پەرلەمانی عێراق كۆسپی بۆ هەمواری ماددەی تایبەت بە رێكارەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لە یاسای بودجەدا كردوە.
باسم عەوادی وتوشیەتی، جەخت دەكەینەوە لەسەر گرنگی پابەندبونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماددەكانی یاسای بودجەی گشتی كە رادەستكردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان بە حكومەتی فیدراڵ لەخۆدەگرێت وەك ئەوەی لە یاساكەو لە بڕیاری دادگای فیدراڵیشدا هاتوە.
وتەبێژی حكومەتی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پابەندبون بەو رێكارانەوە هەنگاوێكی پێویستە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی پەیوەست بەو دۆسیەیەوە لەگەڵ بەهێزكردنی هاریكاریی نێوان هەردولا.
هەروەها وتەبێژی حكومەتی عێراق وتوشیەتی، حكومەتی فیدراڵ هیوادارە پەرلەمان پەلەبكات لە پەسەندكردنی هەمواری بودجە بەگوێرەی ئەو دەقەی كە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ بەرژەوەندیی تەواویی عێراق، پەسەندكراوە.