وەزیری دەرەوەی سووریا جەخت لە پاراستنی مافەکانی کورد دەکاتەوە و سەرۆک وەزیرانی هەریمی کوردستانیش بۆ دیمەشق بانگهێشت دەکات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند “لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا”.
وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەدا کە کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.
شەیبانی، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی دیمەشق کرد و وتی هیوادارین کە لەئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.