وەفدی دەم پارتی پەیامێكی لەبارەی دوەم دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاوكردەوە
  2025-01-23       697       

وەفدی دەم پارتی كە دوێنێ چوارشەممە دوەم دیداریان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ئەنجامدا، ئەمڕۆ لە پەیامێكدا رایگەیاند، تێکۆشانی ئۆجەلان بۆ ئەم قۆناغ بەردەوامەو ئەم قۆناغە بۆ هەموان، ژیانێكی ئازادو پێكەوەیی دەڕەخسێنێت.

ئاوێنە: دوێنێ چوارشەممە، وەفدی ئیمرالی دەم پارتی كە پێكهاتبون لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر، پەرلەمانتارانی ئەو حزبە، سەردانی ئیمرالیان كردو دیداری دوەمیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ئەنجامدا.

دیدارەكە ماوەی چوار کاتژمێری خایاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدەكەی لەوبارەیەوە پەیامێكی بڵاوكردەوەو وتی، لە دیدارەكەدا، ئۆجەلان سەرەخۆشیی لە خانەوادەی ئەو کەسانە کرد کە لە ئاگرە بە ئازارەکەی "بۆڵو" گیانیان لەدەستدا و هیوای زو چاکبونەوەی بۆ برینداران خواست.

وەفدەكەی دەم پارتی وتوشیەتی، لیژنەکەمان زانیاریی پێویستی دەربارەی كۆبونەوەكانمان لەگەڵ پارتەكانی توركیا بە ئۆجەلان دا.

وەفدەكەی دەم پارتی جەختی كردۆتەوە كە "تێکۆشانی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئەم قۆناغ بەردەوامە. دوای تەواوبونی ئامادەکاریی پەیوەندیدار بەم بابەتە، بەیاننامەی پێویست بۆ ڕایگشتیی کۆمەڵگا بڵاودەکرێتەوە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، وەک وەفدەكە، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و پەیوەندیەکانمان و هەر کاتێک پێشکەوتن ڕوبدات، ڕای گشتیی کۆمەڵگا ئاگاداردەکەینەوە.

وەفدەكەی دەم پارتی وتوشیەتی، ئەم قۆناغە بۆ هەمومان، ژیانێکی ئازاد و پێکەوەیی دەڕەخسێنێت، بەهیواین بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، هەموچین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەشداریی كارا بكەن.

 

دەقی بەیاننامەکەی شاندی ئیمرالی دەم پارتی:

"ئێمە وەک شاندی ئیمرالی دەم پارتی، لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە دوورگەی ئیمرالی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا.

لە میانەی دیدارەکەدا بەرێز ئۆجالان سەرەتا سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە کرد کە بە هۆی ئاگرکەوتنەوەکانی 'بۆلو' گیانیان لەدەستدا وهیوای شیفای بۆ بریندارەکان خواست.

شاندەکەمان ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجامی دابوو پێشکەشی بەڕێز ئوجالانی کرد.

هەوڵەکانی بەڕێز ئۆجالان بۆ ئەم قۆناغە بەردەوامە. دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان سەبارەت بەم بابەتەوە، بەیاننامەی پێویست بۆ ڕای گشتیی بڵاودەکرێتەوە.

وەک شاندەکە، بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و پەیوەندیەکانمان و هەر کاتێک پێشکەوتن ڕووبدات، ڕای گشتیی لێی ئاگادار دەکەینەوە.

ئەم قۆناغە بۆ هەر کەسێک و بۆ هەموومان ژیانێکی ئازاد و پێکەوەیی دەڕەخسێنێت. بە هیوای بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، چاوەڕوانی بەشداری بەنرخی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەکەین.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×