وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، دژی ئەو پێشنیارە نوێیە دەوەستنەوە كە لەلایەن نوێنەری حكومەتی عێراقەوە لەبارەی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان نێردراوەو دەشڵێت، دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتوین، بخرێتە دەنگدانەوە.
ئاوێنە: پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا نوسراودا وتی"دوای چەندین کۆبونەوە و هەوڵ و ماندوبون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەموار بکرێتەوەو هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دوەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا."
وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی"ئێمە توشی سەرسوڕمان بوین بەوەی پێشنیارێک لە لایەن نوێنەری حکومەتی فیدراڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، تاکلایەنەو بە بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران نێردراوە، كە ئەم پێشنیارە لەهەمانکاتدا دژی بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان."
پێشەوا هەورامانی جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەم هەوڵانە زیان بە هەمو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قوڵتردەکەنەوەو خزمەت بە چارەسەرکردنی پرسەکان ناکەن."
وتوشیەتی"ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیارانە، بەهەمو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین. بۆیە دەبێت ئەو پێشنیارەی لەسەر ڕێککەوتوین، بخرێتە دەنگدانەوە."