یەکێتی خانەنشینانی هەرێم: خانەنشینکردنی هەزاران فەرمانبەر کێشەی گەورە ڕوبەڕوی حکومەت دەکاتەوە
  2025-01-23       264       

وتەبێژی یەکێتی خانەنشیانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم لەبارەی تەمەنی خانەنشینی زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەر لە هەرێم خانەنشین دەبن و بەو هۆیەوە مەترسیەکی گەورە لە بەڕێوەبەردنی کاروباری دەوڵەت دروست دەبێت، دەشڵێت،"فەرمانگەی وا هەیە 250 فەرمانبەری تێدایە 170یان خانەنشینی دەیانگرێتەوە."

ئاوێنە: سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەم بڕیارە بڕیارێکی بەپەلەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوتر خۆی بۆ ئامادەنەکردبو، بۆیە لێکەوتە خراپەکانی سێ شتە، یەکەم لە ئاستی موئەسەساتی دەوڵەتدا فەرمانگەیەکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا چۆڵ دەبێت، بۆ نمونە من ئاگام لێیە فەرمانگەی وایە کە 250 فەرمانبەری تێدایە 170 کەسیان خانەنشین دەبن. ئەمە بۆشایەکی گەورە لە فەرمانگەکان دروست دەکات."

وتیشی،"سێکتەری پەروەردە و تەندروستی دو سێکتەری گرنگن و بەم بڕیارە زیانێکی زۆر بەو دو وەزارەتەش دەگات و بۆشاییان تێدا دروست دەبێت."

ئەوەشی خستەڕو"هەروەها دو خاڵی دیکەش هەیە گەر چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوە زیان بە خانەنشینان دەگات لەوانە پلەبەرزکردنەوە کە لە 2016ەوە ڕاگیراوە، هەروەها لەبری شەش موچەی بنەڕەتی 12 موچەی تەواویان پێبدرێت وەک خانەنشیانی عێراق."

وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر چارەسەری پێویست بۆ شوێنی خانەنشیان نەدۆزرێتەوە دەرهاویشتەی خراپی دەبێت بۆ سەر کاروباری دەوڵەت.

لەلای خۆیەوە سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمەش هێشتا پێش چاومان ڕون نییە و نازانین چەند کەس خانەنشینی دەیگرێتەوە و حکومەت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ژمارانە دەکات."

وتیشی،" بڕیارەکە سەرەتایەتی بە دڵنیایەوە هەنگاوی تر دەگیرێتە بەر بۆ چەرەسەرکردنی و جەنابی وەزیر کەسی یەکەمی وەزارەتەکەتەیە بەدڵنیاییەوە بیری لە بەدیل کردوەتەوە."

هەروەها بەقسەی ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، كە قسەی بۆ دەنگی ئەمەریکا كردوە، "ئەو بڕیارەی کە حکومەتی هەرێم داویەتی لەبارەی تەمەنی خانەنشینی، مەرجی حکومەتی فیدراڵەو وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، نابێت موالیدەکانی ئەو سێ ساڵە لە لیستی موچەی مانگی یەکی 2025دا هەبن، بەپێچەوانەوە موچە بۆ خەڵکی کوردستان نانێرێت."

گەرمیانی وتیشی،"بەپێشبینی ئێمە سەروی 10 هەزار مامۆستاو فەرمانبەر لە وەزارەتی پەروەردە خانەنشینی دەیانگرێتەوەو لەو ژمارەیەش لە 75%ی مامۆستایە و ئەوەش کاریگەری گەورە و مەترسی لەسەر پرۆسەی پەروەردە دروست دەکات گەر بەپەلە حکومەتی هەرێم و عێراق چارەسەری پێویستی بۆ نەدۆزنەوە."

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان باسی لەوەشکرد، جگە لەلایەنی خراپەی ئەو خانەنشینبونەی کە دەکرێت، لایەنێکی باشەشی ئەوەیە چۆڵبونی شوێنی ئەو خانەنشینانە دەرفەتێک دەدات بە گەنجانی دانەمەزراو بەتایبەت ئەوانەی کە وانەبێژبون پێشوتر لە ناوەندەکانی خوێندن و شارەزاییان هەیە و بیانگەڕێننەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×