مەسرور بارزانی: چیتر ناتوانین بێدەنگ بین بەرامبەر مامەڵە خراپەكانی بەغدا لەگەڵ هەرێم
  2025-01-23       319       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی رایگەیاند، دەبێت هەرێمی كوردستانیش بەشدار بێت لە دانوستانەكانی نێوان بەغدا و كۆمپانیای "بی پی" بەریتانی لەبارەی رێككەوتنی نێوانیان بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتی و غازییەكانی كەركوك. دەشڵێت، چیتر ناتوانین بێدەنگ بین بەرامبەر بە مامەڵە خراپەكانی بەغدا لەگەڵ هەرێم كە هەوڵی كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم و كەمكردنەوەی بەشی هەرێم لە بەرهەمهێنانی نەوت دەدات.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابوریی داڤۆس، بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتوە، كێڵگەكانی ئەو ناوچەیەی بەغدا لەگەڵ كۆمپانیای بی پی قسەیان لەسەر كردوە بۆ رێككەوتن، ناوچەیەكی جێناكۆكەو بەگوێرەی دەستور، ناوچە جێناكۆكەكان، ئەو ناوچانەن كە ناكرێت بەغدا یان هەولێر تاكلایەنە لەبارەیانەوە بڕیار بدەن.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی، ئێمە لەڕوی مەبدەئییەوە دژی پەرەپێدانی ئەو كێڵگانە نین بەڵام دژی میكانیزمەكەین. ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو كارە پێویستی بە كۆبونەوەیەكی سێقۆڵی هەیە بۆ هەماهەنگیكردن.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دۆخەكە لەوبارەیەوە بە رۆیتەرزی وتوە، یەكێك لە رێگەكان بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت بەشدار بێت لەو دانوستانانەی نێوان بەغداو كۆمپانیای بی پی، ئەوەیە كە خۆیان بەجیا لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیا بەریتانییەكە كۆببنەوە.

سەرچاوەكە وتوشیەتی، كوردەكان پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی بەغداو بی پی ناچاربكەن بەشدارییان پێ بكەن لە دانوستانەكاندا.

وەك ئاژانسەكە ئاماژەی پێداوە چاوەڕوان دەكرێت، بەغداو كۆمپانیای بی پی، گرێبەستێك بە بەهای ملیاران دۆلار لە هەفتەی یەكەمی مانگی شوبانی ئەمساڵدا ئیمزابكەن بۆ پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوت و غاز لە كەركوك.

مەسرور بارزانی وتوشیەتی، لەڕوی كردارییەوە، پێموانییە توانای ئەوەمان هەیە ئەو كارە رابگرین، بەڵام گرێبەستەكەی بە "نادەستوری" ناوبردوە.

هەفتەی رابردو وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت گرێبەستەكەی نێوان بەغداو كۆمپانیای بی پی، گەورەتر بێت لەو گرێبەستەی كە لە ساڵی 2023 لە بەسرە لەگەڵ كۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی ئیمزاكرا كە بەهاكەی بە 27 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.

بەغداو بی پی رێككەوتنی سەرەتاییان كردوە بۆ هەڵسەنگاندنی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتی و غازییەكانی كەركوك.

مەسرور بارزانی بە ئاژانسەكەی وتوە، هەرێمی كوردستان زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری لە ئاكامی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە لەدەستداوە بەبێ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی هیچ قەرەبویەكی بكاتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە تاوەكو ئێستا لەوبارەیەوە لەگەڵ بەغدا نەگەیشتونەتە چارەسەر. هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هەمواری یاسای بودجە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی عێراق كە چاوەڕوان دەكرا ئەم هەفتەیە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت بەڵام لەدوا ساتەكاندا پێشنیاری دیكە لە حكومەتەوە بۆ هەموارەكە هاتوە كە ئەوە وای لە هەموارەكە كردوە "بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نەبێت" لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە.

لەبارەی ئەوەی كە لە عێراق زیاتر لەو پشكەی لەلایەن ئۆپیكەوە بۆی دیاریكراوە نەوت بەرهەم دەهێنرێت، مەسرور بارزانی وتویەتی، بۆ ئەوەش بەغدا سەرزەنشتی هەرێمی كوردستان دەكات، چونكە سەرزەنشتكردنی كورد ئاسانە.

وتوشیەتی، هەرێمی كوردستان 280 هەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانە بەرهەم دەهێنێت، ئیدی بۆچی بوترێت ئەوە هەرێمی كوردستانە زیاد لە پێویست نەوت بەرهەم دەهێنێت و بۆچی ئەوە عێراق نییە كە زیاتر لە پێویست بەرهەم دەهێنێت؟ ئەم هەنگاوانە جێی داخن لەلایەن عیراقەوە دەنرێن بۆ چەواشەكردنی رایگشتی جیهان و رای نێودەوڵەتیش.

مەسرور بارزانی جەختیشی كردۆتەوە "چیتر ناتوانین بێدەنگ بین بەرامبەر بەو شێوازە خراپەی كە بەغدا مامەڵەمان لەگەڵ دەكات و هەوڵی كەمكردنەوەی بەشی ئێمە لە بەرهەمهێنانی نەوت و لە بەشە بودجەی گشتی دەدات."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×