وێڕای هۆشدارییەکان، دوێنی لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر هەموواری یاسای باری کەسیی عێراق ژمارە ١٨٨ـی ١٩٥٩ درا و پەسەند کرا، ئەوەش لە لایەن ژنان و چالاکوانان کاردانەوەی لێکەوتەوە و جەخت دەکەنەوە کە پەسەندکردنەکە مەترسیی گەورەیە بۆسەر ژنان، منداڵان و کۆمەڵگە.
ئاوێنه: دوێنی ئێوارە لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر هەموواری سێ یاسا درا، یەکێک لەوانە هەمواری یاسای باری کەسیی عێراق ژمارەی ١٨٨ـی ١٩٥٩ بوو.
لە ٢٤ـی تەمووزی ٢٠٢٤ لە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق پرۆژەیاسای هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق ژمارە ١٨٨ـی ١٩٥٩ بلاوکرایەوە بۆ دەنگ پێدانی لە لایەن نوێنەرانی ئەنجوومەنی عێراق تا پەسەند بکرێت کە لە لایەن ڕائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکەش کرا و هێزە شیعەکانیش پشتیوانیان لێکرد.
لە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق مادەی دووەمی یاساکە هەمووار کرایەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد کرا کە بریتین لەمانە، بڕگەی پێنج لە مادەی “١” لابرا و ئەم دەقە شوێنی گرتەوە: دادگای باری کەسیی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی ڕێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سووننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسەند دەکرێن، هەروەها جیابوونەوە بەپێی فقهی سونی و شیعی دەبێت، بەپێی بژاردەی ژن و مێردەكە، لە كاتێكیشدا ئەگەر ژنەکە مەزهەبێكی فقهی نەبوو، ئەوا دادگا بۆ جیاكردنەوەی ژن و مێردەكە، سەبارەت بە مافەكانیان پشت بە مەزهەبی پیاوەكە دەبەستێت.
پاشان لە کاتی جیابوونەوەدا منداڵ تا تەمەنی حەوت ساڵان دەبێت لای دایک بێت، پاش ئەو تەمەنە دەبێت سەرپشکبکرێت لە هەڵبژاردنی دایکی یاخود باوکی و ئەگەر باوکیش نەمابوو ئەوا باپیر لەلایەنی باوکەوە ئەو مافەی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پاش جیابوونەوە و پێش ئەوەی منداڵەکەش بگاتە تەمەنی دیاری کراو، دایک ئەگەر هاوسەرگیریی بکاتەوە ئەوا ڕاستەوخۆ مافی لەخۆگرتن و دایەنیکردنی منداڵەکەی لە دەستدەدات.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا، کە هاوسەرگیریکردن پەیوەست نەکرێت بە تەمەنە، بەڵکوو تەمەنی “باڵغبوون” لەبەرچاو بگیرێت واتە نۆ ساڵ بۆ کچ و ١٥ ساڵ بۆ منداڵی کوڕ.
لە دوای ڕاگەیاندنی خوێندنەوەی پرۆژەیاسای هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا، لە لایەن ژنانی عێراق و ژنانی باشووری کوردستان هاوپەیمانی عێراقی ١٨٨ و هاوپەیمانی ١٨٨ـی سلێمانی درووستکرا بۆ پشتیوانیی کردن و ناڕەزایەتی لە بەرامبەر هەمووارکردنەوەی یاساکە، هەروەها لەلایەن چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، بەشێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان و مامۆستایانی ئاینی کاردانەوەی لێکەوتووە و لەوبارەیەوە چەندین دانیشتن و گفتۆگۆ و سیمینار و کۆنفرانس بەڕێوەچوو و لە شارەکانی عێراق و باشووری کوردستان دەستکرا بە خۆپیشاندان و گردبوونەوە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین تەنانەت چەند ژنی پارێزەر لە شاری بەغدا هەڕەشەی کوشتنیان لێکرا.
هاوکات هاوپەیمانی ١٨٨ـی سلێمانی لەبارەی هەمووارکردنەوەی یاساکە یاداشتێکی ئاڕاستەی (پیر کلاوسن لە ڕید گرین ئەڵاینس) پەرلەمانتاری یەکێتی ئەورووپا کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا کرا.
هەروەها یەکێتی ئەورووپا ڕەخنەی لە عێراق گرت و هەمووارکردنەوەی یاساکەی بە پێشێلکاریی ڕاستەوخۆی مافەکانی منداڵان و ژنان پێناسە کرد، هەروەها کۆمەڵێك داواکاریی بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراق خرایەڕوو.
لە ٢١ـی ئێوارەی ئەم مانگەدا لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق پرۆژەی پێشنیازکراوی هەمووارکردنەوەی یاسایی باری کەسیی عێراق ژمارە ١٨٨ـی ١٩٥٩ لە دوای سێ جار خوێندنەوە پەسەند کرا، پەسەند کردنەکەش لە بەرامبەر پەسەند کردنی پرۆژەیاسایی لێبووردنی گشتیی و پرۆژەیاسای گەڕانەوەی مۆڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لەوانە کورد و تورکمانەکان بوو، ئەوەش لە لایەن ژنانی چالاکوانان و کۆمەڵگەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و بە دەستکەوتی سیاسیی ناوی دەبن و پەسەندکردنەکە بە مەترسیی گەورە بۆسەر کۆمەڵگە دەزانن.