ئەسعەد شەیبانى، وەزیرى دەرەوەى سووریا بۆ یەکەمجار بە زمانى کوردى پۆستێکى لە تۆڕى ئێکس کرد و دەڵێت پێکەوە وڵات بنیاد دەنێینەوە.
ئاوێنە: ئەسعەد شەیبانى، لە هەژمارى فەرمى خۆى بە زمانى کوردی نووسیویەتى "کورد لە سووریا جوانی و رووناکی بۆ فرەچەشنی گەلی سووریا زیاد دەکات".
شەیبانى، کە لە 21ـى کانوونى یەکەمى 2024ـەوە لە حکومەتى راگوزەرى سووریادا وەک وەزیرى دەرەوە دیاریکراوە، دەشڵێت "کۆمەڵگای کورد لە سووریا لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە تووشی نادادپەروەریی بووە".
لە کۆتایى پۆستەکەدا گوتوویەتى "پێکەوە وڵاتێک بنیاد دەنێین کە هەمووان هەست بە یەکسانی و دادپەروەری بکەن".
پۆستەکەى شەیبانى لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا پەیوەندییەکى فەرمى لە نێوان دەسەڵاتدارانى نوێى دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرى لە باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا یاخود رۆژئاواى کوردستان دانەمەزراوە.
ئەسعەد شەیبانى، ساڵى 1987 لە حەسەکە لە دایکبووە و لە دیمەشق ژیاوە، پێشتر بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەستەى تەحریرى شام بووە و ماوەیەکیش بەڕێوەبەرى کاروبارى سیاسیى بووە لە حکومەتى رزگارى نیشتمانیى سووریا کە لە ساڵى 2017 دامەزرا بوو.