د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەغدا دەزانێت هەرێم كارتی بەدەستەوە نییە بۆیە زۆر گوێ بە هەڕەشەكانی نادات.
ئاوێنە: د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارو ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەرێم و هەڕەشەی هەرێم لە ئەگەری چارەسەر نەكردنی كێشەكان، لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند،"ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕون نین، هەردولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن و ئاراستەی سێیەمیش لەناو هاوکێشەکەدا نییە تا دۆخەکە ڕونبکاتەوە."
د. مەحمود عوسمان وتوشیەتی، عێراق و لایەنە شیعەکان نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، دەسەڵاتیان لایەو بە ئارەزوی خۆیان مامەڵە لەگەڵ کوردو سونە دەکەن.
ئاماژەی بەوەشداوە "باسی کشانەوەو بەکارهێنانی کارت بەرامبەر بەغدا دەکرێت لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام هیچ کارتێک نابینم و لایەنە کوردییەکانیش یەکگرتو نین، بەغدا دەزانێت هەرێم کارتی بەدەستەوە نییە بۆیە زۆر گوێ بە هەڕەشەکانی نادات."