لەتیف هەڵمەت ... شاعیرێك لە ئەخلاق
  2025-01-17       61       

نەجات نوری

 

ئەگەر ئەمتوانی شیعری هەموو شاعیرە

سەد ڕوەكانم دەسووتان

ئەم زەوییەم دەردەهێنا

لە ژێر چەنگی درۆی هەزار

شاعیرۆكەی بازرگان

گەر ئەمتوانی وشەم ئەكرد بە چەقۆ... وشەم دەكرد بە قاچێ

دەمی هەموو شاعیرێكی ترسنۆكم هەڵدەپاچی

گەر ئەمتوانی تاجی هەموو پاشاكانم

بۆ هەژار و گەداكان

دەدا بە نان

***

باكان كۆدەكەمەوە

ژوورێكیان لێ دروست دەكەم

بۆ ئەوەی كرێی خانوونەدەم

***

لەتیف هەڵمەت ئەو شاعیرەی ساڵی 1947 لە شارۆچكەی كفری هاتۆتە دونیاوە، لە ساڵی شەستەكانەوە بە وشەی شیعرەكانی دێتە گۆڕەپانی ئەدەبیات و كۆڕ و كۆبوونەوە ئەدەبیەكانەوە، ساڵی حەفتا دیوانە شیعریەكەی خواو شارەبچكۆلەكەمان بڵاودەكاتەوە و لە وشەكانی سەرەتای ئەو دیوانەدا دەنوسێت: هەرچۆنێ بێ من ئەمەوێ جێی هەنگاوەكانم بكەمەوە لە باوێشكی دڕكاوی ئەم تاریكەشەوەدا، ئەو نەك جێگەی خۆی نەكردەوە بەڵكو بووە دەنگێكی مەزنی شیعر لەناو مێژووی ئەدەبیاتی كوردیدا، لەژیانی ئەدەبیاتی خۆیدا دوور لە هەموو باوەڕێكی سیاسی زیاتر لە حەفتاو نۆ بەرهەمی شیعری و لێكۆڵینەوە و وەرگێڕانی خۆی دەخاتە ناو كتێبەخانەی كوردیەوە، لە ڕۆحی ئەم شاعیرە مەزنەدا ئەو ئەخلاقیەتە گەورەیە هەیە كە ناخوازێت ملكەچی هیچ تاقم و دەستەیەكی ئایدۆلۆژیانە ببێت و لێیان بپاڕێتەوە، شاعیرێك دێت پەیڕەوی ئەخلاق ئەدەكات، ئەو ئەخلاقەی كە دەیكاتە پەیڕەوی ئەو مرۆڤانەی كە تا دەمرن دەخوازن وەكو خۆیان بژین و سادە و ئاسایانە بنوسن و لەناو خەڵكدا وەكو نەدار و گەدا و برسیەكان دەربكەون، لەتیف هەڵمەت ئاوا ئەو شاعیرەگەورەییە كە لەسەر بنەمای عەشق و سۆفیگەری و نیشتمان دەیەوێت بژی و بمرێت و بۆیان بنوسێت، كۆی لاپەڕەی دیوانە شیعریەكەی گەورەكەی لەسەر ئەم سێ بنەمایە شاعیرێكمان پێ دەناسێن كە ناخوازێت ببێتە شاعیرێك تا درۆبكات تا خۆی بفرۆشێت تا لە ڕێگەی شیعرەوە خۆی بژیەنێت، تا خەڵك فریووبدات، شاعیرێكە هەر لەیەكەم ساتی ناسینی شیعر و ئەدەبیاتەوە ڕاستگۆیانە دەرگای ئەخلاقێكی گەورەی بەڕووی تەمەنی خۆیداكردۆتەوە و ڕێگەی بە ڕۆحی سۆفی ئاسای خۆی نەداوە كۆیلەی بەردەرگای ئەم و ئەوبێت، كەم شاعیر هەیە وەكو ئەم لە ڕۆژگاری ئەمدا توانیبێتیان خۆیان بەدوربگرن لە قاپی ئەم حزب و ئەو گروپ و ئەو بەرپرس، بەڵام ئەم شاعیرەگەورەیەمان چونكە دەزانێت شیعر و ئەدەبیات یاخیبوونە لە ستەم و نادادپەروەری، شیعر و ئەدەب بۆ ئەدیبە مەزنەكانی وەكو ئەم هێنانەدی ئازادی و بچڕانی كۆتوبەندی داگیركاری و دابڕانە لە نەزانی. وەكو دەبینین لەتیف هەڵمەت هاتووە لە ڕێگەی شیعر و نووسینەكانیەوە خزمەتێكی گەورەی بە نیشتمان و عەشق و ئیمانداری وەكو سۆفیەك كردووە، شاعیرێكی سۆفی ئاسا لەگەڵ هەموو برسێتی و نەداری و تەنگوچەڵەمەكانی ژیانیدا پەیڕەوی ڕۆحێكی خۆڕاگری سۆفیانەی كردووە و پێ شەرم بووە بەردەرگای سوڵتان و دەسەڵاتدارەمشەخۆر و ستەمكارەكان بگرێت بۆ نانێك، ئەو شاعیرانەی كە وەكو ئەم شاعیرە زانیبێتیان شیعر نابێ بچێتە ناو خانەی فرۆشتن و پیاهەڵدانی ئەم ئەوەوە، زۆركات دەرگای دۆزەخیان لێ كراوەتەوە و دایانبڕیون لە هەموو دەستكەوت و ژیانێكی باش و گۆشەگیرانە لێیان ڕوانیوون، لەتیف هەڵمەت دەچێتە ناو كۆی ئەو ئەدیبانەوە كە چەكی دەستیان تەنیا شیعر و وشەوبووە بۆ بەرگری لە خەڵك و نیشتمان، لە هەر دیوانێكی ئەم شاعیرەدا ئەو دێڕانە دەخوێنینەوە كە پەیڕەوی ئەو خلاقیەتە دەكات كە شاعیر نابێت شاعیری ئەم و ئەوبێت و ببێتە شاعیری دەربار، دەبێت شاعیری خەڵكی نەدار و نیشتمان و چاكەكاران بێت، دەبێت ئەو شاعیرەبێت كە نەهێڵێت ستەم دەنگی شیعر و ئازادی خوازان لەناوبەرێت، نەیەڵێت كەس نیشتیمان هەڕاج بكات و دار و بەرد و گوڵ و ڕۆڵەكانی بفرۆشێت:

ئەی گوناهـــ

چەند شتی جوان لە جانتاكەتدایە

ئەی چاكە

جانتاكەت چەند بەتاڵ و هەتاڵە؟

دەست و قەڵەمی لەتیف هەڵمەت دەست و قەڵەمێك نیە بۆ ئەوەی بە شیعر و بە وشە خۆی بكاتە شاعیرێكی خۆفرۆش و تاریك پەرست و نەزان و دەربار، ئەم شاعیرێكە دەزانێت كە گوناهـــ و چاكە بە شیعر و بە ئەخلاقی خۆی لەیەك جودابكاتەوە و نەیەڵێت خراپە ڕۆحی سۆفی ئاسای داگیربكات و گەمە بە گیانی بكات، دەزانێت كە كە بوونی چاكە بۆ مرۆڤ بوونی وتنی هەق و گەیشتنە بە هەق لەناو ژیانی شاعیرە باشەكان دا، ئەمەش بۆ خۆی درككردنە بە ئەو ڕێگایانەی كە شاعیر لە نێوان گوناهــ و چاكەدا دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرێت، گوناهــ و چاكە بۆ ئەم شاعیرەگەورەیەمان هەم فەرمایشی خوایە بۆ ئەوەی عەبدەكانی خودا لە نێوان هەر دووكیاندا بیربكەنەوە و بزانن كە گوناهــ و چاكە چیە و پەیڕەوكەرانی لەلای خودا دەگەن بە چی لە دوای ژیانیان، بە دیوەكەی تریشدا هەم داخوازی خەڵكە لە ئەوانەی دەنوسن و دەبن بە شاعیر و نوسەر تا لە ڕێگەی شیعر و نووسینیانەوە چاكەكارانە بێنە مەیدان و سەدان گوناهـــ لە سەر ڕێگەی خەڵك لاببەن كە هێنراوەتە ڕێیان، لەتیف هەڵمەت زۆر زوو وەكو سۆفیەكی ڕێگای هەق هاتووە ڕێگای چاكەی بە ئەخلاق و بە شیعر بۆ ژیانی پڕ لە بەرهەمی خۆی تەرخانكردووە و بۆ یەك ساتیش دوور لە پەیڕەوكاری گوناهكارێك دژی هیچ كەس نەوەستاوەتەوە و دانەبڕاوە لە ئازاری خەڵك و نیشتمان، ئەم زۆر زوو دركی كرد كە شاعیر پێویستی بە هیچ پاشا و سوڵتان و كۆشكێك نیە بۆ ژیان بەڵكو ئەو سوڵتان و پاشاكانن كە هەمیشە پێویستیان بە شاعیرە دەربارەكان هەبووە، ئەم ئاوا زۆر زوو پشتی كردۆتە خوانی ڕازاوەی پاشا و سوڵتانەكان لەم نیشتامە زامدار و پڕلەسەتەمدا و ماڵەكەی خۆی بە لاپەڕەی بەرهەم و كتێبەكانی گەرم كردووە و نەدارانە لەگەڵ ئازاری برسیەكاندا ژیاوە تاكو ئێستا:

برسێتی میوانێكی ئاوارە و

ڕەنگ خۆڵاوی و

دەست و پێ قڵیشاوە

تەنها لە ماڵی هەژاراندا

دەحەوێتەوە

***

دەڵێن مەرگ زۆر میهرەبانە

میوانداری هەر كەسێ بكات

لەگەڵ خۆیدا بۆ شارێكی دەبات

برسێتی تیا نەبێ

ئەم وشانە دەبنە شیعری شاعرێكی وەكو لەتیف هەڵمەت كە ئاوا نەداری و برسێتی تاكو ئێستاش میوانی ماڵە ساردو سڕەكەین و سۆفی ئاسا وەكو حەلاج و بایەزید و عەتار بە ئەخلاقی بەرزی خۆیەوە لە شارێكی پڕ لە ستەمدا دەژی و نایەوێت هیچ كاتێك شیعر و ئەخلاقی خۆی بفرۆشێت و ملكەچی دەیان گەمژە و نەزانی ئەم وڵاتەببێت، دەیەوێت كە مرد كەس بە نەفرەتی نەكات و وەكو شارعیرێكی مەزن و بە حورمەتەوە بچێتە دیداری نالی و مەحوی و مەولەوی لە دونایەكی تردا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×