ڕهجهب تهیب ئهردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا جارێکی دیکە هەڕەشە لەهێزە کوردییەکانو ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان دهكاتهوهو لهپهیامێكدا دهڵێت:"ئەوانەی بیر لەکانتۆنو بیرۆکەی جوداخوازی دەکەنەوە، باجەکانیان چەند هێندەی دیکە قورستر دەبێت"، دهشڵێت:"لەژێر هەر پاساوێک بێت ڕازینابین بەتێکدانی یەکپارچەیی خاکی سوریا، هەر جۆرە مەترسییەک ببینین، شەوێک لەناکاو بەسەریاندا دەدەین".
ئاوێنە: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دوای کۆبونەوەی کابینەی حکومەت پهیامێكى بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، "ئەگەر لەبارەی یەکپارچەیی خاکی سوریاوە هەست بەمەترسی بکەین، لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە شەوێک لەناکاو دەچینەوە ناو خاکی سوریا، هەر هەڕەشەیەک لەلایەن هەسەدەو پەکەکەوە بۆسەر یەکپارچەیی سوریا دروستبێت، شەوێک لەناکاو دەچنە سوریاو بهسهریاندا دهدهین، ئەگەر ڕێگریی لەقۆناغی نوێ-ش بکرێت، بەمستی ئاسنینەوە وەڵامدەدەینەوە".
وتیشى:"ئەو لایەنانەی دەیانەوێت دۆخی ئێستای سوریا بقۆزنەوەو ئەوەی لەخەیاڵیاندایە بەئەنجامی بگەیهنن، تورکیا لەخاڵی پاراستنی مانەوەی خۆی زۆرجار ئیرادەی بەهێزەوە نیشانداوە، کاربگاتە ئەو ڕادەیە، دوبارە شەوێک لەناکاو بەسەریاندا دەدەین".
سەرۆک کۆماری تورکیا ئهوهشى وت:"ئێستا ترس لەئەگەری گۆڕانکارییەکانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، لەسوریاو تەواوی ناوچەکە قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردوە، چاوەڕوانیمان ئەوەیە، سوریا یەکپارچەیی خاکو سەروەریی خۆی بپارێزێت، ڕێگەنادەین ئەو وڵاتە دابەشبێت، هەر مەترسییەک لەسەر یەکپارچەیی خاکی سوریا ببینین، هەنگاوی پێویست دەگرینەبەر".