وتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاشکرایکرد، تاوەکو مانگی شوبات بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەی خورمەڵە ٥٠٠ مێگاوات زیاد دەکات.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێدانی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگای سلێمانی کەمتر لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمە و لە هەولێر پێدانی کارەبا لەنێوان ٨ بۆ ١٠ کاتژمێر بووە، بەڵام لە ناوچە کوێستانییەکان کەمتر بووە. لە سلێمانی لەنێوان ٧ بۆ ٩ کاتژمێر و لە دهۆکیش ٨ بۆ ٩ کاتژمێر بووە لە شەو و رۆژێکدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی پارەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بڕی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەگشتی لەنێوان ٧ کاتژمێر بۆ ١٠ کاتژمێر بووە و بڕەکەش بەگوێرەی پارێزگاکان دەگۆڕێت.