سامانە سروشتییەكان: تا ئێستا پشكی هەرێم لە نەوتی پاڵپشتیكراوی عێراق نەگەیشتوە
  2025-01-02       199       

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند، 243 ملیۆن لیتر نەوتی سپییان بەسەر زیاتر لە ملیۆنێك و 215 هەزار خێزاندا دابەش كردوە. دەشڵێت، تا ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراوی وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتوە.

ئاوێنە: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "بۆ زستانی ئەمساڵ و لە ماوەیەكی كەمدا بە نرخێكی پاڵپشتیكراو توانیویمانە تا رۆژی 31/12/2024 زیاتر لە (243) ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە سەر زیاتر لە  1 ملیۆن 215 هەزار خێزان دابەش بكەین کە دەکاتە ڕێژەی لە 86% کۆی نەوتی دابەشکراو و تەنیا 127,808 خێزان ماون نەوتییان وەرنەگرتوە."

ئەوەشی خسۆتەڕو، ئەم دابەشكردنە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی گرتوەتەوە، بەڕادەیەك دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو بوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر خێزانەكاندا بەم شێوەیە بوە:

- هەولێر 400,398 خێزان كە دەكاتە  لە 96,5%

- سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەرین 463,869 خێزان، دەكاتە 89,5%

- دهۆك 194,763 خێزان، دەكاتە لە 86,5%

- هەڵەبجە 21,890 خێزان، دەكاتە لە 71%

-  ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 87,638  خێزان دەكاتە  لە 99%

 - ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 47,187 خێزان، دەكاتە لە 72,5%

وەزارەتەكە وتوشیەتی"تا ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوتی پاڵپشتیكراوی وەزارەتی نەوتی عێراق نەگەیشتوە، وێڕای ئەوەی بڕیارە بڕە نەوتێك کە بڕەکەی تەنیا 50 ملیۆن لیترە كە زۆر كەمترە لە پشكی هەرێمی كوردستان و تەنیا بەشی 19% پێویستیی خێزانەکانی هەرێمی کوردستانە، چاوەڕوان دەكرێت بە چەند كاروانێك بگاتە هەرێمی كوردستان و لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی بکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×