نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت لەدوای كەوتنی ئەسەد، دۆزی فەلەستین لاواز دەبێت، توركیا فراوانخوازتر دەبێت و رەشەبای هەڕەشەكە دەگاتە ئوردن، ئیمارات، میسر و سعودیە. دەشڵێت، هاوكار نابین لە دابەشكردنی سوریاو لە هیچ لایەكی قبوڵ ناكەین باس لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بكات
ئاوێنە: نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی عێراق، كە ئەمشەو دوشەممە بڵاوكرایەوە، قسەی لەسەر دۆخی ناوچەكەو سوریاو ناوخۆی عێراق كرد.
"ڕەشەبای هەڕەشەكە دەگاتە ئوردن، ئیمارات، میسرو سعویە"
مالیكی لەبارەی دۆخی سوریا وتی، ئەوەی لەو ولاتە رویدا، شتێكی چاوەڕوان نەكراو نەبو و زەمینەسازی بۆ كرابو. وتیشی، ئیسرائیل گەیشتۆتە نزیك دیمەشق و لوبنان گەمارۆ دەدرێت.
بەقسەی مالیكی لەدوای كەوتنی رۆژێمەكەی ئەسەد، دۆزی فەلەستین لاواز دەبێت، هەڕەشە لە ئوردن دەكرێت، توركیا فراوانخوازتر دەبێت و رەشەبای هەڕەشەكەش دەگاتە سەر ئیمارات و میسر و سعودیە.
سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ ئەوەش جەختی كردەوە "ئێمە هاوكار نابین لە دابەشكردنی سوریاو دەستوەردان لە كاروباریدا ناكەین."
"حزبی بەعسی قەدەغەكراو لە نانەوەی ئاژاوەو پلانگێڕیدا، شارەزایە"
مالیكی لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا بە ئاماژەدان بەوەی كە یەكڕیزیی نیشتمانی و عەقڵانییەتی هێزە سیاسییەكان، بەربەستێكی باش دەبێت بۆ پاراستنی پڕۆسەی سیاسی، وتیشی، "حزبی بەعسی قەدەغەكراو شارەزایە لە نانەوەی ئاژاوەو پلانگێڕیدا، دەبێت شوێنپێی بەعسییەكان لەلایەن كۆمەڵگەو دەزگا ئەمنییەكانەوە هەڵبگیرێت."
هێمای بۆ ئەوەش كرد "دەزگای لێپرسینەوە و دادپەروەری ئەركی ئەوەیە رێگری لە دزەكردنی بەعسییەكان بۆ ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت بكات كە بەپێی دەستور بەردەوامە لە كارەكانی و سوننەكان نەكاتە ئامانج."
هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق
سەرۆكی دەوڵەتی یاسا باسی لە هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق كردو بە ئاماژەدان بە "تەبایی نێوان هەموان" وتی"ئێمە و رەوتی سەدر لە یەك قوتابخانەین و دەبێت پێكەوە بەرەو پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەت بڕۆین."
جەختیشی كردەوە كە "بەشداری رەوتی سەدر پێویستە بۆ پڕۆسەی سیاسی و هیچ هێڵێكی سورمان نییە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەكان."
هەروەها وتیشی"هێشتا چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتونە رێككەوتن بۆ ئەوەی بە یەك لیست لە هەڵبژاردنی داهاتودا بەشداری بكەن."
هێمای بۆ ئەوەش كرد، "لەدوای پشوی یاسادانان، هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەخرێتە بەردەم پەرلەمان."
چارەنوسی حەشدی شەعبی
مالیكی لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا، وتی، لە هیچ لایەكی قبوڵ ناكەین باس لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بكات بەتایبەت لەكاتێكدا كە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەكی رەسمییەو پەیوەستە بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوەو پێویست بە هەستاری ناكات بەرامبەری.
لەگەڵ ئەوەش سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی، پێویستە میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی چەك و مانەوەی لەدەستی دەوڵەتدا.