سوودانی سەردانی ئێران دەكات
  2024-12-30       227       

چەند سەرچاوەیەك سەردانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراقیان بۆ ئێران لە ماوەی چەد ڕۆژی داهاتوودا پشتڕاستكردەوە، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە و چەند پرسێكی ناوچەكە تاوتوێ بكەن، ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمریكا داوای لە عێراق كردووە هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لە ئێرانەوە نزیكن هەڵبووەشێننەوە.

ئاوێنە: سەرچاوەیەكی فەرمی لە نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری ئێرانەوە ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێك سەردانی تاران دەكەن، پێدەچێت ئەم سەردانە لە نیوەی یەكەمی مانگی كانوونی دووەم ساڵی ٢٠٢٥ ئەنجام بدرێت و ئێمەش هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی عێراقی سەبارەت بەم سەردانە دەكەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، سوودانی و شاندی وەزاری یاوەری لە سەردانەكەیان، تیشك دەخەنە سەر دۆخی ناوچەكە بەتایبەتی لە سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆك كۆماری پێشووی سووریا لە ٨ـی كانوونی دووەمدا.

سەرچاوەیەكی دیكە لە نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، لە دوو هەفتەی داهاتوودا سوودانی سەردانی ئێران دەكات و پرسی گرنگی كۆبوونەوەكانیش، دۆخی سووریا دەبێت.

جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ سوودانی كۆبووەوە، بلینكن  لە كۆبوونەوەكەدا داوای لە عێراق كرد هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لە ئێرانەوە نزیكن هەڵبووەشێننەوە، گەرنا بەر هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل دەكەون، سوودانیش بۆ ئەم مەبەستە سەردانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەی لە عێراق كرد، پێدەچێت لە سەردانەكەی بۆ ئێران ئەمە یەكێك بێت لە تەوەری گفتوگۆكانی.

دوایین سەردانی سوودانی بۆ تاران لە ٢٢ی ئایاردا بوو، بۆ بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری كۆچكردووی ئێران، كە لە ١٩ـی هەمان مانگدا بە هۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی لە باكووری ڕۆژئاوای ئێران گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی ١١ـی ئەیلول مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە سەردانێكی سێ ڕۆژەدا سەردانی عێراقی كرد و لەو ماوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا كۆبووەوە، دوای ئەوە بەرەو هەولێر و سلێمانی و پاشان نەجەف و كەربەلا ڕۆیشت و سەردانەكەی لە پارێزگای بەسرە كۆتایی پێهێنا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×