وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر ڕایگەیاند، بەهای لیرەی سووری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی و تەنیا لە ٢٤ کاتژمێردا، هەر ملیۆنێک لیرە بە بڕی ١٥٠ هەزار دینار دابەزی، دەشڵێت، هۆکاری ئەم بەرزی و نزمییەی لیرەی سووری لەم چەند رۆژەدا بۆ ناسەقامگیری دۆخی سووریا دەگەڕێتەوە.
ئاوێنه: کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر لەبارەی دابەزینی بەهای لیرەی سووری بەرامبەر دیناری عێراق بەمجۆرە زانیاری دەخاتەڕوو، ئەمڕۆ هەر ملیۆنێک لیرەی سووری بەرامبەر ٣٥٠ هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا دوێنێ هەر ملیۆنێك لیرە بەرامبەر بە ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەكرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری ئەم بەرزی و نزمییەی لیرەی سووری لەم چەند رۆژەدا بۆ ناسەقامگیری دۆخی سووریا دەگەڕێتەوە.
هاوكات، دوای رووخانی رژێمی سووریا و کۆتاییهاتنی فەرمانەڕەوایی بنەماڵەی ئەسەد، بەهای لیرە لە بازاڕەکانی کوردستان بەرزبووەوە و هەر ملێۆنێکی لیرە گەیشتە نزیکەی ٧٠٠ هەزار دینار.
جێگای ئاماژەیە، دوێنێ جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ڕایگەیاند ،هۆشداریی لە کڕینی لیرەی سوری دەدەین و بە کردنەوەی سنوورەکانی سووریا، بەهای دراوی ئەو وڵاتە لە کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.