بانكی ناوەندی هەنگاوێكی نوێ بۆ دابینكردنی دۆلار بە نرخی رەسمی دەگرێتەبەر
  2024-11-26       317       

پارێزگاری بانكی ناوەندی رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە رێوشوێنێكی نوێ تایبەت بە دابینكردنی دۆلار بە نرخی رەسمی بۆ هاوڵاتییان پەیڕەودەكەن.

ئاوێنه‌: عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی سیستمێكی نوێی جێبەجێ كرد بۆ حەواڵە دەرەكییەكان بەمەبەستی ئاسانكاری و شەفافییەت تیایدا، سەرەڕای ئالنگاری و رێگرییەكان لە سەرەتای ئەم كارەدا، بەڵام بەربەستەكان تێپەڕێندران و ئەمڕۆ حەوڵەی دەرەكی بۆ بابەتی بازرگانی بەشێوەیەكی دروست بەڕێوەدەچێت و بانكەكەیان دۆلار بە نرخی رەسمی بۆ بازرگانان دەڕەخسێنێت.

ناوبراو  لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمیی عێراق سەبارەت بە حەواڵەی پەیوەست بە هاوڵاتییان بۆ مەبەستی گەشت یان چارەسەر  وتی: “لە ساڵی داهاتوودا شێوازێكی نوێ دەستپێدەكەین بۆ فراوانكردنی ئەم پڕۆسەیە و پەرەپێدانی، تەواو هاوشێوەی ئەو هەنگاوەی بۆ حەواڵەی بازرگانی گرتمانەبەر”.

لەئێستادا رێككەوتن هەیە لەگەڵ كۆمپانیا پەیوەندیدارەكانی وەك (Visa، Mastercard MoneyGram، Western Union) بۆ دانانی چوارچێوەیەكی نوێ بۆ ئەم پرۆسەیە، هەروەك دەبێتە پێشكەوتنێكی دیكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی حەواڵەی پەیوەست بە هاوڵاتییان بۆ بواری گەشت و چارەسەر، عەلاق وای وت.

ئەوەشی وتوە : سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێتە سەرەتای كۆتاییهاتن بە رێوشوێنەكانی ئێستا و، ئەوان هەوڵ بۆ دەستەبەركردنی دڵنیایی دەدەن.

پارێزگاری بانكی ناوەندی دۆخی نەختینەی لە عێراق بە زۆر باش ناوبرد و باسی لەوەكرد، زیادبوونی قەبارەی یەدەگی بیانی وادەكات بانكی ناوەندی پاڵپشتی و هاندەری نرخی ئاڵوگۆڕی دراو بكات و سەقامگیریی نەختینە بهێنێتەدی، سەرەڕای ئەو دۆخە دژوارەی وڵاتانی ناوچەكەی گرتووەتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×