2024-11-24   101     
پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، هاتووچۆی گەشتیاران و ئۆتۆمبێل لە دەروازەی شوشمێ دەستپێدەکات، ئاماژە بەوەشدەکات ئەم هەفتەیە یەکەم ئۆتۆمبێل دەچێتە ئێران.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند "لەگەڵ قایمقامی قەزای پاوە و بەڕێوەبەری ناحیەی نەوسوود رێککەوتووین، بە سەردانێک دەچینە ئەوێ، یەکەم ئۆتۆمبێل داخڵی تەوێڵە دەبێت لە رێگەی دەروازەی شوشمێ و لە تەوێڵەشەوە یەکەم ئۆتۆمبێل دەچێتە ئەودویو، بڕیارە ئەم هەفتەیە ئەمە بکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بازاڕگەی سازان لەلایەن عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستان تەواو بووە، بەڵام ئەو کردنەوەی بازاڕگەیە، مەرز نییە، واتە لە ئێرانەوە کاڵا دێتە نێو هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان، کە کاریگەریی راستەخۆی لەسەر قووت و بژێویی خەڵک دەبێت. ئەمە پەیوەندیی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، واتە ئێران یان عێراق بزانن ئەم بازاڕە لە زیانیانە نایکەنەوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "عێراق و هەرێمی کوردستان و ئێران هەرسێکیان رەزامەندییان داوە، تەنانەت بۆ پردەکەیشی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەی بۆ دەرچووە و دراوەتە بەڵێندەر، ماوەتەوە رەزامەندی و هاوئاهەنگییەک لەنێوان پارێزگاری کرماشان و پارێزگاری هەڵەبجە هەبێت، تاوەکو کاری تێدا بکەین".